ڕ ɽ
race, razza, Rasse, ra's راءس
وشەی |ڕەسێ| واتا نەژاد، بنەڕەتەکەی دیار نیە
پێشوتر زمان جۆرەکانی ئاژەڵ و جانەوەری پۆلبەندی کردوە بە |یەکڕەگ و دوڕەگ| یان |ڕەسەن و ناڕەسەن|، ئەمجا پۆلبەندی مرۆڤ بەپێی ڕەنگ و قەوارە و شێوەی دەموچاو،.. تاد کە نەژادپەرستی و کارەساتی ڕەگەزپەرستی خستەوە
بەپێی فەرهەنگی زمانە ئەوروپیەکان گریمانەی بەئیسپانیکردنی وشەی عەرەبی کە وشەی |ڕەس| لە |ڕەئس|ی عەرەبیەوە هاتوە بە واتای سەر، چونکی قەوارەی سەر و شێوەی دەموچاو یەکێکە لە هەرە پێوەرەکانی نەژادپەرستی
مێژوی زمان و کولتور و فەرهەنگ و شارستانێتی پڕن لە خڵتە و پڵتەی نەژادپەرستی و جنێوی ناتۆرە، بەردەوام پێوێستیان بە دەستکاری و جوانکاری و ئاسانکاری و پاکتاوکاری هەیە، بێگومان نەک بە چەواشەکاریەکی ناقۆڵاوە کە بەناو توێژینەوەی ئەکادێمی و لێکۆڵینەوەی زانستیەوە چەمک و زاراوەکان ئەتک کراون
نمونەی توڕەهات: ملسیس و ملپان، ملشۆڕ و سەرشۆڕ، سەرکولەکە و سەرپان و سەرزل، کەللەبەراز، ورگزل، بستەباڵا، شەلە و کوێرە و کەڕە و لاڵەپەتە، مەعدەنەکەی دەناسم واتە ڕەسەن و ئەسڵزادە و سەیزادە نیە،.. تاد
******
- ڕیسک و سەرکێشی
- risk, risico, risicare, adventure, Abenteuer
وشەی |ڕیسک| تازە هاتۆتە نێو نوسینی کوردیەوە، هاوردەیەکی زیادەیە، چونکی لە زمانی کوردیدا وشەی سەرکێشی و سەربزێوی و چەند وشەیەکی دی بە واتای |مجازفة، مغامرة| هەن، هاوردنی ئەم وشەیە بۆ نێو زمانی کوردی کێشەی زۆرە
وشەی |ڕیسک| دەچێتەوە سەر وشەی ئیتاڵی |ڕیسیکۆ| واتا سەرکێشی، ئەمیش دەچێتەوە سەر کرداری لاتینی |ڕیسیکارێ| واتا ڕێچکەگرتنی پڕ مەترسی، وەک لە کوردیدا دەوترێت ڕۆیشتن بە ڕێگەی هات و نەهات
- وشەی ڕیسک بە مانای ڕێچکە نایەت، ڕێچکە و ڕیسک جودان، ڕیسک ڕێچکە نیە، ئەگەر فەرهەنگێک پڕ بە ماناکەی خۆی فەرهەنگ بێت، ئیدی بە یەک دێڕ ڕێسەکە دەنوسێتەوە
- ناو + پاشگری بچوککردنەوە: چکە، ۆچکە، چە، ۆڵە، یلە،.. تاد
- ڕێ + چکە = ڕێچکە واتا ڕێی بچوک و باریک
بە فارسی وشەی |ماجرا| بە مانا عەرەبیەکەی |ما جری| بەکار هاتوە، واتا بەسەرهات و قەومان و حیکایەت، بەڵام لەوەدا مانای نەپێکاوە کە هەم بە واتای |سەرکشی|ش بەکار براوە، چونکی هەمو سەرکێشیەک بەسەرهاتە، بەڵام خۆ هەمو بەسەرهاتێک سەرکێشی نیە! هەمو سەرکێشیەک گەڕان و دۆزینەوەی جۆگرافیایەکی نۆێ و کایەکی تازەیە، بەڵام هیچ کام لەم شتانە مەرج نین بۆ بەسەرهات! هەمو سەرکێشیەک لێوانلێوە لە بزێوی و بوێری و یاخیگەری و جێگۆرکێ و توڕەیی و ترس و مەترسی و عیشق، بەڵام هیچ کامیان شەرتی سەرگوزشتە و بەسەرهات نین
وشەی |سەرکێش| گونجاوترە لە (سەرکەش، سەرکەژ، سەرچڵ/سەرچیا، سەرکێو)، چونکی سەرکێش دەبێتە هەڵگری مانایەکی جیاواز لە هەمو ئەو وشانەی سەرەوە کە ئاماژەی دۆخێکی وەستاوی لوتکەی شاخە، بەڵام سەرکێش ئاماژەی دۆخێکی بزێو و بوێر و یاخی و سەرسەخت و جێگۆڕکێی و چاونەترسە، واتە هەڵگری مانای کۆی ئەم وشانەیە (جەربەزە، سەربزێو، سەرەڕۆ، سەرسەخت، لاسار)، چونکی هەر وشەیەک لەم وشانە هەڵگری یەک دو خەسڵەتە، بەڵام سەرکێش هەڵگری گشت خەسڵەتەکانە
******