Am Anfang der Philosophie! Wie wirklich die Wirklichkeit ist! Hume & Kant ***************************************************** سەرەتای فەلسەفە! ڕاستی چەندە ڕاستە! هیوم و کانت

02.08.2016 20:36

Am Anfang der Philosophie! Kant 1

کاميلۆ کاف Kamilo Kaf

سەرەتای فەلسەفە! کانت

فیلۆسۆفی (Philosophie) دو وشەی لێکدراوی یۆنانیە

فیلەین (philein) واتا شەیدابون و خۆشویستن. فیلی (philie) واتا شەیدا، عیشق، دۆست

سۆفیا (sophia) واتا دانایی، حیکمەت، مەعریفە، ژیری

فەلسەفە واتا شەیدای دانایی، عیشقی حیکمەت، یاری مەعریفەت، دۆستی سۆفیا

   فەلسەفاندن واتا ئەقڵاندن، فەلسەفە لێکدانەوەی جیهانە، لۆژیکی جیهانبینیی زمانە، گومانکردنە لە یەقین، تێڕامانە لە ژیان، ڕوانینە لە ڕۆح و جەستە، ڕەخنەگرتنە لە دیاردەکان، پرسینە لە وێنەکان و دەرکەوتەکان، بیرکردنەوەیە لە وشەکان و شتەکان، گۆڕانکاریی ماناکان و دەستکاریی بەهاکانە. لە خوانی فەلسەفیدا سێقۆڵی |بوون و زمان و ڕامان| پێکەوە دەکەونە دیالۆگ

تەیسەفە یان تیۆسۆفی (Theosophie) واتا ئیلاهیات، کە سەرچاوەی هەمو شتەکان دەباتەوە سەر تیۆس واتا خودا، ئەوەش ئاماژەیە بۆ جەوهەرێکی نەگۆڕ و هەقیقەتێکی ڕەها و یەقینێکی موتڵەق، بە واتایەکی دی، تایسەفە یان ئیلاهیات دەبێتە بنەچەی جەهەرگەری و یەقینگەری و موتڵەقگەری

تەیسم (Theism) واتا خوداگەری

ئەتەیسم (Atheism) واتا ناخوداگەری، ئیلحاد

تیۆلۆژی (Theologie) واتا خوداناسی، لاهوت، شەرعیەت و مەعریفەی فەقێ

تیۆس (theos) واتا خودان و یەزدان، کە بنەڕەتی هەمو ئەم چەمکانەی سەرەوەن

   لێرەوە تەیسەفە یان تیۆسۆفی سەرچاوەی هەمو شتەکان دەباتەوە سەر جەوهەریەت و حەقیقەت وەک ئەزلیەت و ئەبەدیەت و حەتمیەت و موتڵەقیەت، بوەتە شێوازێک لە بیۆلۆژی (بۆماوەیی) و تیۆلۆژی (لاهوت)، هێشتا مێتافیسیکی ڕەها و سروشتێکی نەگۆڕی تێنەپەڕاندوە و بەردەوام لە نێو ئەحکامە جێگیرەکانی (ئیمان و یەقین)دا خنکاوە، فەلسەفەی کردۆتە تەیسەفە، واتە فیلۆسۆفی بوەتە تیۆسۆفی

   لە ڕوانگەی مێژوەوە، گەرچی فەلسەفە و ئایین زۆرجار خاوەن هەمان بابەتگەلێک بون وەک خودا و دادگەری و نەمری و مانای ژیان،.. تاد، بەڵام ئایین وەڵامی بنبڕ بە (دەبێ و نابێ) وەک حەرام و حەڵاڵ دەداتەوە، لە کاتێکدا فەلسەفە سەرسوڕمان و گومان و ڕامان و پرسین و ڕەخنەگرتن و لێکدانەوەی جیهانە بەبێ ئەوەی بڵێت: (وا بکەن، وا مەکەن). لە ئاییندا پێشوەخت یەزدان وەک یەقین هەیە، ئەمجا هەمو شتەکان لەم هەقیقەت و پێشمەرجەوە مانای خۆیان وەردەگرن، بەڵام لە فەلسەفەدا عەقڵ پێشمەرجە بۆ هەقیقەت، لە هونەریشدا هەستەکان مەرجن. دواتر زانست لە هەناوی فەلسەفەوە دێتە دەرێ و لێی دەترازێت، فەلسەفە بە دوای ڕاستیی هەمەکی و گشتگیر (کلي) و زانستیش بە دوای ڕاستیی هەندەکی و بەشگیر (جزئي) دەگەڕێن. جاری وا هەیە فەیلەسوف هاوکات شاعیریشە هەروەکو پلاتۆ و نیتچە، جاری واش هەیە فەیلەسوفی دانا هاوکات زاناشە هەروەکو پیتاگۆراس و دێکارت کە هەم دانای فەلسەفە و هەم زانای ماتماتیک بون. لای تۆماس ئاکوین فەلسەفە و تیۆلۆژی شیاوی جیاکردنەوە نین، لای مارکس فەلسەفە و ئیدیۆلۆژی تێکەڵ دەبن

   لە مێژوی مرۆڤایەتیدا سەرەتا هونەر وەک جوانیگەری، فەلسەفە وەک ڕاستیگەری، ئایین وەک چاکەگەری سەریان هەڵداوە، واتە مێژوی فیکر و زانین بریتیە لە جوانیگەری و ڕاستیگەری و چاکەگەری، مەعریفەت بریتیە لە جەمالیەت و حەقیقەت و فەزیلەت. لێرەوە سێکوچکەی (جوانی و ڕاستی و چاکە) دەبنە بنەڕەتی فەلسەفەکەی پلاتۆ کە ڕۆڵی فریادڕەسێک دەگێڕێت دژ بە بڕیاری خەیاڵی و حوکمی پێشوەخت و هۆشیاریی باوی ڕۆژانە و وەهم. گەرچی مامۆستاکەی پلاتۆن ئەم ئەرکەی نەگرتوەتە ئەستۆی خۆی

ئەوەتا سۆکرات خۆی دەڵێت: دەزانێت کە نازانێت

   بەڵام هەردوکیان عەوداڵی گەڕانبون بە دوای ڕاستیەکی ئەبەدیدا کە نەک هەر وەک ئامانج چاک بێت، بەڵکو وەک جەوهەریش چاک بێت. لێرەوە لای هەردوکیان هەقیقەت و فەزیلەت دەبنە جەوهەریەت، هاوکات (ڕاستی بۆ خۆی) و (ڕاستی لە خۆیدا) پێکەوە پێویستە وەک جەوهەر چاک بن، لە کاتێکدا هیچ شتێک بە سروشت و بە جەوهەر نە چاکە و نە خراپ

   لای کانت فەلسەفەیەک نیە بۆ فێربون، بەڵکو مرۆڤ دەتوانێ تەنیا فێری فەلسەفاندن بێت. لای ئەم فەیلەسوفە هەمو فەلسەفە سێ پرسیاری بنەڕەتین کە هەرسێکیان پێکەوە گوزارشت لەم پرسە فەلسەفیە گەردونیە دەکەن: مرۆڤ چیە

دەتوانم چی بزانم

دەبێ چی بکەم

دەتوانم چی بخوازم

   یەکەم (دەتوانم چ شتێک بزانم؟): وەڵامێک نیە بۆ توانستی زانین و زانست، بەڵکو دەبێ خودی زانین و زانست بخرێنە ژێر پرسیار و گومانەوە، دواجار پرسینە لە ئەگەرەکانی توانستی زانین، بەوەی کە دەتوانین چی بزانین؟ واتە پرسینە لە شێوە و جۆر و متمانەیی و دڵنیایی دەربارەی زانین و مێتۆدی زانین، وەکو: ئایا ئەگەری زانینێکی زامنکراو هەیە؟ کامانەن مێتۆدەکانی زانین؟ ئایا توانستی ئەم مێتۆدانە باشتر دەکرێن؟ ئایا سنورێکی بنەڕەتی بۆ زانین هەیە؟ لە کوێدان ئەم سنورانە؟ ئایا یاساگەلێک هەن وەک لۆژیک و کلیلی زانین؟ کام گەمەی زمان بخرێتە گەڕ؟ پێوەرەکانی زمانێکی زانستی چین؟ مێتۆدە زانستیەکان چین؟ ئایا ئەم شتانە شیاون بۆ تێگەیشتن؟ ئەرێ ئەگەرەکان و سنورەکانی زانین تا کوێن؟ کانت ئەم پرسیارانە بە بوارێکی تایبەتی لە فەلسەفە ناو دەنێت مێتافیسیک وەک زانستێک فیسیک ڕەت دەدات، ئەمڕۆ پێی دەوترێت تیۆریی زانین و لۆژیک و فەلسەفەی زمان و تیۆریی زانست

   دوهەم (دەبێ چ شتێک بکەم؟): مەبەست لەم پرسیارە تەنیا هەر ئاماژە نیە بۆ ڕێککەوتنە کۆمەڵاتیەکان و یاساکان و ڕێساکان، بەڵکو پرسیاریشە لە مانا و بەها و ئەرکی ئەم ڕێسایانە و هۆکانیان، کە کانت بە فەلسەفەی ئەخلاق ناوی دەبردن، نمونەی پرسیاری ئەخلاقی وەکو: بەختەوەری چیە؟ گرنگترین چاکەگەری (فەزیلەت) بۆ تاک و چڤاک چیە؟ دەبێ بەگوێرەی کام پێودانگ ڕەفتار بکەین؟ چاکە چیە و بەدی چیە؟ ئایا پێوەرێک، نۆرمێک، مۆدێلێک و ڕێسایەک هەن کە ئەرک بن، هۆکانیان چین؟ ئاخۆ مرۆڤ بەرپرسە لە ڕەفتاری خۆی، هەمو شت قەزا و قەدەری دەست و ویست و خواستی خودایە یان جەبری خۆماک و غەریزە و سروشتە؟ ئایا شتێک بە ناوی ئازادیی مرۆڤەوە هەیە؟ ئاخۆ مرۆڤ ئازادە

واتە ڕامانێکی فەلسەفیانە دەربارەی کردار و ڕەفتارەکانمان پەیوەست بە باوەڕ و بڕواکانمانەوە کە هەست و بڕیار و ئەزمونە ناکۆکەکان ڕێک دەخاتەوە، تاکو کۆک دەربکەون. ئێتیکی فەلسەفی بەراوردکاریی ئەندێشە جیاوازەکان و کولتورە جیاجیاکان و قۆناغە پلەپلەکانە بە یەکتر، بە دوای هۆکاری هاوبەش لە نێوان مرۆڤە جیاوازەکاندا دەگەڕێت و دەسنیشانیان دەکات

   سێهەم (دەتوانم چ شتێک بخوازم؟): گومان و پرسینە لە مانای بوون و ژیان، بۆچی و لەپێناوی چی و لەبەرچی لە جیهاندام؟ پرسیارە لە ئامانجی بوون و ئاکامی ژیان. سەرەتا ئایین و یەزدان و جاویدان بابەتی فەلسەفە بون، فەلسەفەی ئایین لەبارەی ئەو چەمک و شتانەوە دەدوێت

   چوارەم (مرۆڤ چیە؟): بنەڕەترین و فەلسەفەترین پرسیاری گەردونی پرسینە لە خودی مرۆڤ خۆی. هەمو زانستەکان بە بیۆلۆژی و سایکۆلۆژیشەوە ناتوانن وەڵامێکی بنبڕ دەربارەی بوونی مرۆڤ بدەنەوە، پرسیار لە بوون و ناسنامەی مرۆڤ تا هەنوکەش پرسێکی زیندوە. مرۆڤی مۆدێرنە مانای نەریتی و ئایینی لەدەست داوە و قەیرانی وەدەست هێناوە، ئەڵبەتە کلیلی کردنەوەی کۆدی ئەفسانەی مرۆڤ هەوڵێکی فەلسەفیانەیە. زانین هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە یەقین، زانست هەوڵێکە بۆ دەسەڵات. لەم گەمانەوە سوبێکت و ئۆبێکت و مێتۆد دەردەکەون. زات خودی مرۆڤە کە دەیەوێ بابەت بناسێت و شت بزانێت، ناسینی هەبوەکان کە لە دەرەوەی مرۆڤدا هەن وەک دەوروبەر و ژینگە و سروشت، بەڵام بوونناسی، بوونگەری یان ئۆنتۆلۆژی هەوڵێکە بۆ خۆناسین و مرۆڤبون. تیۆریی زانین پرسیاری ئەگەرەکان و سنورەکانی زانینە لە ڕێگەی ئامراز و کەرەستە و ڕیباز و مێتودەکانەوە. مرۆڤ شتەکانی لێک داوەتەوە و ڕاڤەی کردون، سەرەتا بۆ مانەوەی مرۆڤ خۆی بوو، ئەمجا بۆ دەسەڵات و زاڵبون بە سەر سروشتدا بوە

   پێش-فەلسەفە و پێش-زانست بێگومان ئەفسانە شتەکانی لێک داوەتەوە بۆ تێگەیشتن لە ژیان و جیهان، وشەی میتۆس (Mythos) گریکیە واتا ئەفسانە و گێڕانەوە و چیرۆک.  ئەوەی لە ئەفسانەدا بڕیاردەرە لای لێڤی شتراوس (Levi Strauss) شێواز نیە، بەڵکو ناوەڕۆکە، واتە ناوەڕۆکی گێڕانەوە گرنکە، لێرەوە گێڕانەوە ناکۆتا هەڵگری مانا و ڕاڤەی جیاوازە، تا ئەمڕۆش هونەر و ئەدەب و ڕۆمان گوزارشت لە هەمان پاڵنەرەکان و بابەتەکانی نێو ئەفسانەی دێرین دەکەن، وەکو: مردن و تۆقین، ڕق و عیشق، ترس و تۆڵە، ئاشتی و جەنگ، ویست و جوانی، ژان و چێژ،.. تاد. ئەفسانە لای بلومەنبێرگ (Blumenberg) هەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری سەرەتای گەردون و سروشت و مرۆڤ، واتە پرسیاری بۆچی؟ بنەڕەتی دەرکەوتەکان؟ ئەفراندن و بوون

   لای ئەم فەیلەسوفە جگە لە گێڕانەوە خەسڵەتێکی دی ئەوەیە کە ئەفسانە بەری تاک نیە، بەڵکو زادەی جڤاکە، هەر لەبەر ئەوەشە ئەفسانە و داستان خزم و نزیکی یەکترن. لە ئەفسانەی دێریندا ڕیتوال و کولت و کولتور و ئایین ڕۆڵێکی گەورەی کۆمەڵایەتی دەگێڕن و تا هەنوکەش جێماون، وەکو جەژن و قوربانی و یادەکان. لەگەڵ ئەوەشدا ئەفسانە خۆی دۆگما نیە، چونکی ئەفسانە وەکو گێڕانەوەی چیرۆک هیچ هەقیقەتی ڕەهای نەخستۆتە ڕو، هیچ کەسێک لە یۆنانی دێریندا هیچ خوایەکی نێو ئەفسانەکانی بە یەقینی موتڵەق نەدەزانی. دواتر ئەفسانەکان لە نێو ئاییندا بە دۆگما کران، وەکو چیرۆکی ئەفراندنی گەردون کە چەندین سەدە لە هەمو دام و دەزگە فەرمیەکاندا هەقیقەتێکی جەبری بون

   لە بنەڕەتدا ئەفسانە نایەوێت خۆی بکاتە هەقیقەت، بەڵام دەیەوێ شیاوی تێگەیشتن بێت. مرۆڤ لە ئەفسانەوە دەتوانێ دەرک بە پەیوەندیی نێوان خۆی و سروشت بکات و شێوازێک بە خۆناسین بدات. لە ئەفسانەکاندا جۆرە زانینێک دەربارەی مرۆڤ و سروشت هاتونەتە بون، کە بۆ زانستە کۆنەکان پڕ بایەخ و گرنگ بون. لەخۆڕا نیە کە فرۆید (Freud) تیۆریی غەریزەی نەست لە ئەفسانەی دێرینەوە وەرگرتوە

   هەندێک پێیان وایە کە لە سەدەی شەشەمی (پ.ز)دا لۆگۆس جێی میتۆس دەگرێتەوە، لۆژیک دەبێتە جێگرەوەی ئەفسانە. فەلسەفەی سروشت یان ئیۆن (Ion) لەجیاتیی خوداکانی ئەفسانە ئیدی یەکەمین بنچینەکان (پرنسیپ) دەبنە لێکدانەوەی جیهان. لای تالێس (Thales): ئاو بنچینەی هەمو شتەکانە

لای ئانەکسیمەنێس (Anaximenes) هەوایە، لای ئانەکسیماندرۆس (Anaximandros) یەکەم بنچینە دەبێتە ئەپەیرۆن (apeiron) کە بنچینەیەکی ڕوت و پەتیە، شتێکی دیاریکراو نیە و سنورێکی دیاریکراویشی نیە، لە ئەپەیرۆنەوە گەرم و سارد، تەڕ و وشک دێنە کایەوە

   سەرەتای لێکدانەوەی ئەقڵانی بۆ جیهان لە ڕەخنەکانی زێنۆفانێس (Xenophanes) سەبارەت بە وێنەی خوداکان و فرەخوایی (Polytheism) دەست پێ دەکات و دەڵێت: مرۆڤ وێنەی خوداکانی هاوشێوەی خۆی وێناندوە، ئەگەر ئەسپ خودایان هەبوایە، ئیدی دەبوو خوداکانیش هاوشێوەی ئەسپ بن. تەنیا تاکە خودایەک دەسەڵاتدارە کە نە شێوەی و نەش بیرکردنەوەی هاوشێوەی مرۆڤە

   لە ئەفسانەوە بۆ لۆژیکی ئەقڵانی، لە فرەخواییەوە بەرەو تاکخوایی، لە فرەبنەچەوە بەرەو تاکەبنەچە، لە فرەڕەهەندیەوە بەرەو تاکڕەهەندی، دەرئەنجام زانستی سروستی و ڕۆشنگەری و مۆدێرنە لەدایک دەبن. لای بارت (Barthes) ژیانی ڕۆژانەمان سیخناخە بە ئومێدەواری و بەختەوەریی نێو حیکایەتەکان، چیرۆکی سەفەری قاپشۆرێکی چێشتخانەکان بۆ وڵاتی پڕ خەونەکان کە لە ئەمەریکادا کتوپڕ دەبێتە ملیۆنێرێک. دیرۆکی وەستای فشەی ناو حیزب و شۆڕش کە لەپڕ دەبێتە ملیاردێرێک

   لای پلاتۆن (Platon) تیۆریی زانین تەنیا بە هۆکاری عەقڵەوە دەگاتە یەقین، چونکی وێنەی بابەتەکان، ئاوێنەی هەستەکان، شێوەی شتەکان دەگۆڕێن و بەس نین بۆ گەیشتن بە هەقیقەت، تەنیا هەر وێنە و ئاوێنەی ئیدیاکان (Idee) نەگۆڕن و دەتوانن بە هەقیقەت و جەوهەری شتەکان بگەن. ئیدیاکان لە ناو ڕۆحی هەمو مرۆڤەکان لە هەمو کات و شوێنێک یان لە هەمو مێژو و وڵاتێکدا هەن، بەڵام جیاوازن لە هەستمان و تێگەیشتنمان بۆ شتەکان کە لە هەر سەردەم و قۆناغێکی مێژوییدا گۆڕانیان بە سەردا دێت. بۆ ئەوەی مرۆڤ بگاتە جەوهەری شتێک، دەبێ ئیدیای ئەو شتە لە ناو ڕۆحی خۆیدا وەیاد بهێنێتەوە، مرۆڤ بە یادخستنەوەی ئیدیا دەگاتە هەقیقەت. لای پلاتۆن زانین واتا دوبارە وەیادکەوتنەوە کە سۆکرات (Sokrates) بە شێوازێک لە پرسیار دەیویست ئەم دوبارە بیرکەوتنەوەیەی ناو ڕۆحمان وەک جەوهەری هەقیقەت بۆ هۆشیاریمان دەربخات، لێرەشەوە بە هونەری دیالۆگی سۆکراتی دەوترێت مایوتیک (Maieutik) واتا هونەری مامانی. ئەم سەردەمە لەوە دەپرسێت کە ئەم زانینە لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە، بە چ سەرچاوەیەک و بە کام ژێدەر سەلمێنراوە، چەندە جێی متمانە بوە و تا چەند باوەڕی پێ کراوە (سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات! زانینە بیستراوەکەی بەم جۆرەیە: وای بیستوە و گوایە خەڵکی وا دەبێژن!)،.. تاد

  لە سەدەکانی ناڤیندا زانین نورێکی ئیلاهی بوو، لای شۆلاستیک (Scholastik) ڕۆشنایی خودایی لەڕێی ئەقڵەوە شیاوی تێگەیشتنە، بەڵام تەنیا هەر سەرچاوەکانی زانین ناتوانن نە عەقڵ و نەش هەستەکان قایل بکەن، ئەوەش بەرئەنجامی توێژینەوە لەبارەی نوسینەکانی ئەریستۆتەلێس (Aristoteles) بوو کە لە لایەن عەرەبەوە دیسانەوە ئەوروپا بە ئاریستۆ ئاشنا بوەوە. لێرەوە ململانێی نێوان نۆمینالیسم و ڕیالیسم دەردەکەوێت، لای نۆمینالیست چەمکەکان تەنیا ناولێنانی شتەکانە، یان هەر ناوێکی ڕوتن، بەڵام لای ڕیالیست کۆنسێپت و چەمکەکان هەقیقەتن، هەروەکو ئیدیاکەی پلاتۆ بۆ نمونە: چەمکی چاکەگەری واتا چاکەی نمونەیی و ئیدیال، چاکەی جەوهەری، شتێک بە جەوهەر چاکە بێت. واتە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ڕیالیست ئەو کەسە نەبوو کە واقیع وەک خۆی ببینێ، وەک ئەوەی هەیە، بەڵکو ڕیالیست ئەو کەسە بوو کە کۆنسێپت، چەمک یان ئیدیای بە دواهەمین هەقیقەت و یەقین دەزانی، پێشمان سەیر و سەمەرە نەبێت کە دیرۆکی ئەم بەسەرهاتە تا هەنوکە درێژەی هەیە

   لە کاتێکدا هیچ شتێک لە خودی خۆیدا نیە کە چاک یان خراپ بێت! هیچ شتێک بە جەوهەر نە چاک و نە خراپیشە! چەمکی چاکە یان خراپە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دی جیاوازە، لە زمانی گروپێکەوە بۆ زمانی گروپێکی دی جیایە، لە کولتورێکەوە بۆ کولتورێکی دی جودایە، لە سەردەمێکی مێژویی بۆ قۆناغێکی دی دەگۆڕێت، لە دۆخی شوێنێکەوە بۆ باری شوێنێکی دی وەردەگەڕێت

بۆ نمونە
کە میتی تورکی لێیان پرسیت: ئایا ژنە شۆرشگێڕی پەکەکە بە بەردەمتدا بە کام ئاراستە هەڵهات؟ ئەگەر درۆ نەکەی و ڕاستی بدرکێنی، بێشک خوا دەتگرێ، چونکی لەپای کوشتندا زاڵمان دوای مەزڵومێک کەوتون، کەچی بەناوی حەقیقەتەوە خۆت کردۆتە چاوساغی میت! کەواتە درۆ لە خودی خۆیدا نیە کە خراپ بێت، بەڵکو بارودۆخێک بڕیاردەرە

ژەهر هەم دەردە و هەم دەرمان! واتە هاوکات چاک و خراپیشە
ئاوی دەریا هەم مایەی ژیانە بۆ ماسی و هەم مایەی مردنیشە بۆ مرۆڤ! واتە هاوکات چاک و خراپیشە

   ڕاسیۆنالیسم (Rationalism) یان هزرگەری (ئەقڵانیەت) واتا یەقین لە ناو فیکر و بیرکردنەوەدا، لای دێکارت (Descartes) یەقینەکەی ئەریستۆ و نورە ئیلاهیەکەی سەدەکانی ناڤین بەسەرچون، بۆیە لە گومانێکی ڕادیکالەوە دەستی پێ کرد و هەمو هەستەکان و بیروڕاکانی پێشوی خستە ژێر گومانێکی ئەزەلیەوە، تەنانەت بە لایەوە ڕەنگە خودایەکی بەدیش هەبێت کە دەخوازێ هەستەکانمان فریو بدات. ئەگەر مرۆڤ هەمو شتەکان بخاتە ژێر گومانەوە، ئیدی تەنیا یەک یەقین دەمێنێەوە کە خودی کرداری گومانکردن خۆیەتی. هەموو شتەکان کە من بیرم لێ کردونەتەوە و پێشوتر بە ڕاستم زانیون، ڕەنگە ڕاست و دروست نەبن. منێک گومانم لە شتەکان هەیە، ڕەنگە هەڵەش بم، بەڵام هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت، کە ئەوە منم بیر لە شتەکان دەکەمەوە، هەر لەبەر ئەوەشە دەزانم کە من هەم. ڕەنگە هەمو زانینەکانم دەربارەی بابەتەکان و شتەکان تەنیا هەر خەون و خەیاڵ و وەهم و ڕەشکە و پێشکەی بەرچاوان و فریودانی هەستەکان بن، بەڵام تەنیا لە ناو کردارێکی بیرکردنەوەی گوماناویدا من لە بوونی خۆم دڵنیام

من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم! واتە سەرەتای هەرتەقەی ئەقڵانیەت وتەکەی دێکارت بوو: من بیر ناکەمەوە، کەواتە من نیم

   بیرکردنەوە و هەبوون پێکەوە پەیوەستن، بوون بە فیکرەوە بەستراوەتەوە! هەستەکان جێی گومانن، تەنیا هەر عەقڵ دەتوانێ بە یەقین بگات! هەر شتێک لۆژیکی و ڕون و ڕەوان بوو، بێگومان ڕاست و دروستیشە! لێرەوە دێکارت فیکری شیکاری و زانستیی مۆدێرنەی داهێنا کە بە باوکی ئەقڵانیەت دەناسرێت، عەقڵ سەرچاوەی زانینە، عەقڵ توانستی مرۆڤە بۆ تێگەیشن و پەیوەندیی لۆژیکی نێوان شتەکان. هیچ شتێک یەقین نیە، ئەگەر ئەقڵ تاقی نەکردبێتەوە، دەرئەنجامی تاقیکردنەوەی ئەقڵانی هەقیقەت ئاشکرا دەبێت، هەر شتێک عەقڵ تاقی نەکردەوە، دەبێتە گومان نەک یەقین. ئەزمونی هەستەکان شێوازی زانینێکی نزم و کەمبەهایە، متمانەپێکراویش نیە. بیریشمان نەچێت کە لای ئەم فەیلەسوفە سەرچاوەی هەمو زانینێک خودە (سوبێکت)، ڕەفتاری ئەقڵانیی خود و هۆشیاری بڕیاردەرن دەرهەق بە هەمو زانینێک، هەر بۆیە ئەم فەیلەسوفە بە فەلسەفەی سوبێکت و خودئاگایی ناسراوە. جیهان وەک ئەوەی دەردەکەوێت، کێشەیەک نیە، بەڵام چۆن خود بە زانین دەگات، ئا ئەوەیە کێشەکە. نەک بابەت، بەڵکو زات جێی پرسە. لای ئەم فەیلەسوفە سوبێکت بڕیاردەرە، نەک ئۆبێکت

   ئێمپیریسم (Empirism) یان ئەزمونگەری (تەجروبیەت) لای لۆک (Locke) و هیوم (Hume) بریتیە لەوەی کە سەرچاوەی زانین تەنیا هەر ئەزمونی هەستەکانە. لای لۆک لە کتێبی (دەربارەی تێگەیشتنی مرۆڤ)دا دو جۆر ئیدیا و بیرۆکە هەن

یەکەم: بیرۆکەی سادە واتە دەرئەنجامی هەستەکان دەبنە بنەمای زانین

دوهەم: بیرۆکەی پێکەوەیی واتە بەستنەوەی تێگەیشتن و هەستەکان پێکەوە، چونکی عەقڵ هەر خۆی توانستی زانینی نیە، مەگەر بە یارمەتی هەستەکانەوە ئەقڵ بتوانێ شتێک ئەزمون بکات و ئەمجا شتێک بزانێت، دەنا شتێک تا ئەزمون نەکرێت، شیاوی تێگەیشتن نیە. بەبێ ئەزمونکردن هیچ زانینێک نیە. پێشتر هەستەکان شتێک ئەزمون دەکەن، ئەمجا عەقڵ دەتوانێ ئەو شتە بزانێت. هیچ شتێک لە ناو تێگەیشتن و عەقڵدا نیە، ئەگەر پێشوتر لەناو هەستەکاندا نەبوبێت

لایبنیز (Leibniz) وەک ڕاسیۆنالیستێک بەرپەرچی لۆک دەداتەوە و دەڵێت: ڕاستە کە هیچ شتێک لە ناو تێگەیشتندا نیە، ئەگەر پێشتر لە ناو هەستەکاندا ئامادە نەبوبێت، بەڵام جگە لە تێگەیشتن خۆی! چونکی تێگەیشتن پێک هاتوە لە چەندین پرنسیپی بیرکردنەوە کە بەرهەمی هەستەکان نین، وەکو: گشتگیری، یەکانگیری، ڕێکخستن، داڕشتن لە بۆتەی سیستەمێک، بەراوردکاری، پێوانەیی، هۆکار و کاریگەریی دیاریکردن

بارکلی (Berkeley) و هیوم ڕادیکالتر دەدوێن: ئەوە پرنسیپی هەستەکانە کە بونەتە سەرچاوەی زانین! لای بارکلی تەنیا ئەو شتانە هەن کە بە هەستەکان ئەزمونیان دەکەین، بوون واتا شتێکی هەستپێکراو و دەرکپێکراو

هیوم (Hume) دەڵێت: ئەو چەمکانەی لەڕێی هەستەکانەوە ئەزمون نەکرێن، بێمانا و پوچن! لێرەوە چەمکە گشتیەکان و دەستەواژە ڕوتەکان و ئیدیا نەگۆڕەکانی پلاتۆن پوچن، چونکی شێوازێکی هەستپێکراو نین، ئەوەی مرۆڤ دەتوانێت هەمیشە بیبینێ، بەردەوام سەروکاری لەگەڵدا بێت و بەردەوام ڕوبەڕوی بێتەوە، شتێکی کۆنکرێت و بەرجەستەیە وەک چاکەیەک نەک چاکەگەری، هاوڕێیەک نەک هاوڕێیەتی، کوردێک نەک کوردایەتی، دەسەڵاتێک نەک دەسەڵاتدارێتی، ئەقڵێک نەک ئەقڵانیەت، دڕندەیەک نەک دڕندایەتی

   ئەزمونگەری و هزرگەری دو ئاراستەی بیرکردنەوەی جیاوازن کە یەکەمیان ئەزمونی هەستەکان پێشمەرجن  بۆ زانین، دوهەمیان عەقڵ پێشمەرجە بۆ یەقین، بەڵام خاڵی هاوبەشی نێوانیان ئەوەیە کە هەردوکیان دەیانەوێت بابەتی یان ئۆبێکتیڤ (مەوزوعی) بن و هیچیشیان نایانەوێت دۆگمای ئایینی بن

   تیۆریی زانین لای کانت ساڵی 1781 لە کتێبی (ڕەخنەی ئەقڵی پەتی)دا تێکەڵەیەکە لە ئەزمونگەری و هزرگەری کە خۆی لە ئاکامی جۆری پرسیارەکانیدا بە سەروهەست و لەودیو ئەزمونەوە ناوی دەبات و دەپرسێت: کامانەن ئەو مەرجانەی کە وا دەکەن ئەگەری زانین شیاو بێت؟ واتە جۆری پرسیارەکە ناپرسێت: ئەو شتە چیە؟ بەڵکو پرسیارە لە کام مەرج؟ هەر خۆیشی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: ئەزمون و تێگەیشتن ئەگەری زانین شیاو دەکەن. تێگەیشتن بەبێ ئەزمون بەتاڵە، ئەزمونیش بەبێ تێگەیشتن نادیدەیە! ئەزمونی پەتیی هەستەکان ناتوانن مەعریفە داهێنن، بەڵکو پێویستیان بە عەقڵ و تێگەیشتن هەیە بۆ ڕێکخستن و لۆژیکی پەیوەندیی هۆکار و کاریگەریی شتەکان. لێرەوە دەردەکەوێت کە لای ئەم فەیلەسوفە تێگەیشتن ئەزمونی هەستەکان ڕێک دەخات. مەرجی هەمو ئەزمونێک بریتیە لە شێوازەکانی ئەزمون واتە کات و شۆێن وەک پێشمەرج و پێش-ئەزمون و بەڵگەنەویست پێویستن، زەمینێکی لەتەک یەکتر و زەمەنێکی بەدوای یەکتر پێشمەرجی هەمو ئەزمونێکن، کەی و کوێ پێشمەرجی هەمو ڕوداوێکن. ئەمجا کاتەگۆریەکان کە ئەمانیش هەر بەڵگەنەویستن و بەری ئەزمونەکان نین، بەگوێرەی ئەم کاتەگۆرییانە تێگەیشتن لەگەڵ هەستەکاندا بەرجەستە دەبن. کاتەگۆریەکان ئەمانەن

چۆنیەتیی شتێک وەک واقیعەکەی، دژەکەی، سنورەکەی

چیەتیی شتێک وەک ژمارە، یەکتایی، فرەیی، هەمەکی

پەیوەندیی شتێک بە شتانێکی دیکەوە وەک هۆکاری و کاریگەری، دولایەنەیی

بارودۆخی شێوازی شتێک وەک ڕێکەوت، زەرورەت، ناچاری، جەبری، گریمان، ئەگەر

   واتە پێشمەرجی پێشئەزمون بریتین لە زەمەن و زەمین و کاتەگۆریەکان کە پێیان دەوترێت بەڵگەنەویست، بەڵام پاشئەزمون ئەو زانینەیە کە لە ئەزمونەوە وەدەست دەهێنرێت کە پێی دەوترێت بەڵگەویست. ڕستەکان و بڕیارەکان کە لە ئەزمونەوە سەرچاوە دەگرن، ئەوا بە پاشئەزمون دادەنرێن، بەڵام ئەگەر لە ئەزمونەوە سەرچاوە نەگرن، ئەوا بە پێشئەزمون دادەنرێن. ڕستەی بەڵگەنەویست هیچ شتێکی تازەی بۆ وتن پێ نیە جگە لەوەی کە بکەر خۆی هەڵگڕی مانای ڕستەکەیە، بۆ نمونە: وتاربێژ وتار دەبێژێ! ستوننوس کەسێکە کە ستون دەنوسێت! سەڵت هێشتا خێزانی پێکەوە نەناوە! لەبەر ئەوە لەو ڕستانەدا تەنیا هەر بکەرەکان (وتاربێژ، ستوننوس، سەڵت) بەبێ بەرکار و کردار ماناکانیان دیارن و پێویستیان بە ڕستە نیە، وەک دەوترێت کە فڵانە شت ناوەکەی بە خۆیەوەیە یان ناوەکەی پڕ بە پێستی خۆیەتی، خۆ ناکرێ بوترێت: سەڵت کەسێکە خێزانی پێکەوە ناوە! لە بنەڕەتدا ڕستەی بەڵگەنەویست هیچ نیە جگە لە تاوتۆلۆژی (Tautologie) واتا شتێکی تازە و زانینێکی نوێی پێ نیە

   ڕستەی بەڵگەویست کە لە ئەزمونەوە سەرچاوە دەگرێت، گەرچی تۆکمە (موحکەم) و پێویست (ضرورة) نیە، بەڵام پێویستە تاقی بکرێتەوە، تاکو بزانرێت ڕستەکە ڕاستە یان هەڵەیە، بۆ نمونە: ئەمڕۆ تەپوتۆزە، خۆڵبارینە یان گڕەیە! بۆ ئەوەی بزانین کە ئەم ڕستانە وان یان وانین، دەبێ لە پەنجەرەکەوە چاو بگێڕین و چاودێری بکەین و لە کەشوهەوا بڕوانین، دوای ئەزمونکردن ئەمجا ڕاستی و هەڵەی ڕستەکان دەردەکەون. گەرچی ئەزمونێکی تازە دەربارەی ئەو شتە (کەش) دەکەین، بەڵام کەشوهەوا نە پێویستە بەو جۆرە بێت، نەش لە هەمو کات و شوێنکدا بەو جۆرەیە. لە کاتێکدا زانینێکی زانستی دەبێ تۆکمە (موحکەم) و پێویست (ضرورة) بێت، دەنا دەبێتە ڕێکەوت و ڕەمەکی و نازانستی

لێرەوە دو جۆری سەرەکیی زانین بریتین لەم خوارەوە

یەکەم: زانینێکی بەڵگەنەویست (aproiorisch) کە بۆ سەلماندنی هیچ بەڵگەیەکی ئەزمونی پێویست نیە، وەکو: 1 + 1 = 2

دوهەم: زانینێکی بەڵگەویست (aposteriorisch) کە بۆ سەلماندنی بەڵگەیەکی ئەزمونی پێویستە، وەکو: هەورەبریسکە پێش هەورەگرمە دەکەوێت

   لێرەدا پرسێکی گرنگ قوت دەبێتەوە: ئایا ڕستەی بەڵگەویست وەک پێشئەزمونێک هەیە؟ چونکی خەسڵەتی ڕستەی بەڵگەویست ئەوەیە کە پێویستی بە ئەزمون و بەڵگە هەیە! کانت بە ئەرێ وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: وەکو ڕستەی ماتماتیکی، پرنسیپی هۆداری

   ئایا بڕیارێکی بەڵگەویست و حوکمێکی زانستی وەک پێشئەزمونێک هەن؟! بێگومان تا ئەمڕۆش ئەم پرسە جێی مشتومڕە

******************************************************************************************************************************

سەرچاوە

Die Vorsokratiker, Wolfgang H. PLeger, Bd 265; Metzler; Stuttgart,1991

Die philosophische Hintertreppe, Wilhelm Weischedel; dtv; München, 2001

Sternstunden der Philosophie, Otto A. Böhmer; Beck oHG; München, 2003

******************************************************************************************************************************

Besucherzähler: eine Milliarde  ملیارد جار بینراوە 

Wie wirklich die Wirklichkeit ist! Hume 2

Kamilo Kaf کامیلۆ کاف

ڕاستی چەندە ڕاستە! هیوم

ڕاستی تا چەند ڕاستە! ڕاستی چۆنە و چیە

   سەفسەتە گەڕانە بە دوای هەقیقەت بەبێ تێگەیشتن لە خودی هەقیقەت خۆی! بێگومان پرسی ڕاستی بەوە نابڕێتەوە کە بوترێت: کاری ڕۆشنبیری دەرخستنی ڕاستیە و ئەرکی فەلسەفە گەڕانە بە دوای هەقیقەت، یان مرۆڤ بکەوێتە دابەشکردنی جیهان بە سەر دوانە لێکدژەکاندا (Dualism): هەقیقەتپۆش/هەقیقەتدۆز، ڕەش/سپی، ڕاستی/ناڕاستی. خۆ هەقیقەت کاڵا و شمەک نیە، تاکو مرۆڤ بۆی بگەڕێت، یان ڕاست و چەپ مرۆڤ هەقیقەت بخاتە سەرزار و ناوی بەریت و بە یەک دو دێڕی نافەلسەفی مەسەلەکە ببڕێتەوە. بەر لە هەمو شتێک، بەر لەوەی مرۆڤ خۆی بە هەر ئەرکێک بار بکات و بە دوای هەر شتێکدا بگەڕێت، پێویستە لە خۆی بپرسێ: ئەرێ ئەو شتە چیە کە وێڵی کردویت و عەوداڵی بویت؟ پێویستە مرۆڤ پێشتر بزانێت خودی هەقیقەت چۆنە و چیە، ئەمجا بڕیاڕی گەڕان بە دوای هەقیقەتێک بدات! کارەساتە گەڕان بە دوای هەقیقەتێک بەبێ تێگەیشتن لە خودی هەقیقەت خۆی!! ئەمە ڕێک لەو کەشتیوانە ئاسمانیە دەچێت کە لە ناوجەرگەی گەردوندا بە دوای حۆریەک بگەڕێت، بەبێ ئەوەی بزانێت ئەرێ حۆری چیە و چۆنە! ڕێک لەو مەلەوانە دەچێت کە لە قوڵایی دەریادا بە دوای گەوهەرێک بگەڕێت، هەر لەبەر ئەوەی تەنیا ناوی گەوهەری بیستوە، بەبێ ئەوەی بزانێت کە گەوهەر چیە و چۆنە

   ئەم پرسە فەلسەفیە دەربارەی ڕاستی دەبێتە هەوێنی فیلمێکی سینەمایی کە بە ماتریکس (Matrix) ناسراوە، ناونیشانی فیلمەکە ئاماژەیە بۆ سیستەمی هاوشێوەسازی (Simulation)، پڕۆگرامێکی نهێنیی کۆمپیوتەرە کە جیهانێکی مەجازی هاوشێوەی جیهانێکی واقیعی ساز دەدات، واتە وەهم دەکاتە واقیع، ساختە جێی ڕاستەقینە دەگرێتەوە، خەیاڵ هاوشێوەی ڕیال دەسازێنێ. سیمولارێ (simulara) وشەیەکی لاتینیە واتا هاوشێوەسازدان (هاوشێوەسازان و هاوشێوەسازین)، سیمول (simul) ئاوەڵناوە واتا هاوشێوە (لێکچو و چونیەک). سەرنشینانی ئەم ماشینە هاوشێوەسازە بەردەوام وەهمیان لێ بوەتە هەقیقەت

   ڕێک وەکو زمانی شۆفێرێک کە بەردەوام ناڵەی دەبیستین و دەڵێت: لە پشتەوە ماشینێک خۆی پیاکێشام! ئەها هەروەکو واقعێکی سەرشەقام کاکی شۆفێر ناتوانێ جیاوازی لە نێوان خۆی و ماشینەکەیدا بکات، ناڵێت لە پشتەوە ماشینێک خۆی کێشا بە ماشینەکەمدا، بەڵکو جەستەی خۆی و ماکینەی بۆ جیا ناکرێتەوە، ئامێری لێ بوەتە جەستەی خۆی! ئەها ئەقڵی ئامێردار بەردەوام زمانی دەبێتە ئامراز، ئەها بەردەوام جەستەی دەبێتە ماشین، بەردەوام جەستە و ڕۆحی پێکەوە دەبنە ئامێر و ئامراز. هەر لێرەشەوە لای ئەقڵی ماشیندار ئاساییە کە لە پێشەوە بە ترومبێلەکەی مرۆڤێک بشێلێتەوە، چونکی ماشینداری ئەقڵ هەر لە بنەڕەتەوە خۆی و ئامێری بۆ جیا ناکرێتەوە و دەشڵێت: لە پێشەوە کەسێک خۆی پیاکێشام

   لەم فیلمەدا دونیای ماشینەکان بەری ئاسمانیان گرتوە و لێ ناگەڕێن خۆر هەڵبێت، زەمین تار و بیمار داگەڕاوە، چونکی ماشینەکان وزە و سۆلاری خۆریان هەڵلوشیوە. مرۆڤانێک وەک بەندەی سیستەم ماونەتەوە و نەکوژراون، تەنیا لەبەر ئەوەی بونەتە سەرچاوەی وزە و پاتریی سیستەم، هەر لەبەر ئەوەشە کە سیستەم بە پڕۆگرامێک دەماخی خەڵکەکەی شۆریوەتەوە، بە جۆرێک کە وەهمەکەی ناو مێشکیان لێ بوەتە هەقیقەت، ڕێک وەکو زیندانی ناو ئەشکەوتەکەی پلاتۆن (Platon)، بەڵام نەک ئەشکەوتی چاخی پێش زایین، بەڵکو ماشینەکەی ئاییندە و سەدەی 23 کە هەمو شتێک بوەتە ماشین، تەنانەت پەرستگەی ئۆڕاکل (Orakel) و پێشبین و پەنهانزان و خەونناسیش بونەتە ماکینەی دەقگرتو، تاسە و عیشق و عەقڵ و جەستە و ڕۆحیش بونەتە ئامێری خوگرتو. لەم ماشینە ماڵوێرانەی دونیادا زیۆن (Zion) تاکە شوێنێکە کە لە دەرەوەی سیستەم ماوەتەوە و بوە بە حەشارگەی یاخیگەران، لێرەدا شۆڕشگێڕان واقیع دەبینن و وەهمیان لێ نەبوەتە هەقیقەت. بەرنامەی هاوشێوەسازی (واتە سازدانی وەهم هاوشێوەی واقیع) لە ناو عەقڵ و هۆش و سەری خۆیاندا سڕیوەتەوە، چیدی عەقڵیکی پڕۆگرامکراو یان ڕۆحێکی قورمیشکراو نین، ئیدی هاوشێوەسازین لایان نابێتە یەقین. لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئینتەرنێت و فەیسبوک وەک دونیایەکی مەجازی شتێکی خراپ بن، بە پێچەوانەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پاڵنەر و دەرخەری مەلەفەکانی گەندەڵی و تاڵانی چارەکە سەدەیەک  بون کە لە ژێر ناوی ڕێکخراوەی حیزب، دام و دەزگەی سیاسەت، ناوەندی لێکۆڵینەوە، فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری، مێدیای سێبەر، پڕۆژەی وەهمی، بودجە و موچەی بندیوارانەوە موڵک و سامانی گشتی دەدزران، ئێستاش داهاتی تاکەکەس و مافی بژێوی هەر دەدزرێن، بەڵکو مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە چۆن سیستەم لەپێناو کورسیی دەسەڵاتداران و لە ڕێگەی وێنەی مەجازی و شوشەی ئیدیۆلۆژی و شاشەی مێدیاکانەوە عەقڵی جەماوەری کردوەتە ماشینێکی پڕۆگرامکراو و ئامێرێکی قورمیشکراو، وێنەکانی ماسمێدیای گەوجاندن مرۆڤیان کردوەتە بوکەڵەی هەلەکەسەما

   لەم فیلمەی ماتریکسدا دو کەس هەڵدێن و دێنە ناو شۆڕشەوە، یەکیان دەبێتە شۆڕشگێر و ئەویدی سیخور، ئەوەش ئاماژەیە بۆ دوفاقی و دوکەرتبونی خودی شۆڕش خۆی، شۆڕشێک کەرتێکی بۆ خەبات و کەرتێکی بۆ خیانەت بوو. ئەڵبەتە خیانەتگەر زۆر ڕقی لە یاخیگەر بوو، بەڵام دواتر ئاشکرا دەبێت کە لە کوێوە ئەم ڕقە سەرچاوەی گرتوە. خیانەتگەر ڕک و کینەی خۆی دژی یاخیگەر نەدەشاردەوە و بەردەوام بۆ خاتونێکی شۆڕشگێڕی دەگێڕایەوە، دیارە خیانەتگەر شێت و شەیدای خاتون بوو. لە دوایشدا دەردەکەوێت کە خاتون شەیدای یاخیگەر بوە، هەر ئەم هۆکارە نادیارە وای کردبوو کە خیانەتگەر چارەی یاخیگەری نەوێت، هەر لێرەشەوە بوغز و غیرە لێک ئاڵابون. دواجار کەسایەتیی دوفاقیی خیانەتگەر ئاماژەن بۆ ڕیاکاری و دوڕویی و دوکەرتبونی خودی مرۆڤ خۆی، خودێک جارێ دەمێکی پڕ ڕەخنە و جارێ دەستێکی پڕ خەتا بوو، دەمێ نقومی خەبات و دەمێ نوقمی خیانەت بوو

   ئەم فیلمە بەرگێکی ئایینی و تیۆلۆژیی پۆشیوە. ناوی خاتو ترینیتی (Trinity) واتا سیانە و سیانەکی (ثالوث)، ئاماژەیە بۆ ڕۆحی پیرۆز کە فەرماندەی شۆڕشە. سەرکردەی شۆڕش مۆرفۆیس (Morpheus) ناوەکەی واتا خوای خەون، خۆی بڕوای بە فریادڕەسێک هەیە کە لە ناو دونیای ماشینەکاندا پڕۆگرامداڕێژە، ناوی پەنهانی ئەم فریادڕەسە نیۆ (Neo) بوو، ناوەکەی خۆی ئاندەرسۆن (Anderson)، ئاندەر بە یۆنانی باوکە، سۆن/سەن بە مانای کوڕ دێت، واتا وەکو مەسیح کوڕی خودایە، ئاماژەیە بۆ سێکوچکەی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز، یەسوع لە ناو سێ موقەدەسدا (ثالوث) بەرجەستە بوە. سیفەر/سایفەر (Cypher) واتا هیچ و سفر و کۆد و شفرەی ژمارە، کە خیانەتگەرە گوایە وەکو یوداس. سمیت (Smith) پاراستن و پاسەوانی سیستەمی ماشینەکانە. ئایین باوەڕی بە شاری موقەدەس و فریادڕەس هەیە، ناوی زیۆن (Zion) واتا عەرشی خودا کە شاری موقەدەسە. نەبوکادنێزار (Nebukadnezar) ناوی کەشتیە ئاسمانیەکەی یاخیگەرانە کە ئاماژەیە بۆ ناوی پاشای بابل (بابیلۆن Babylon)، کتێبی دانیال دەڵێت: خوای نابو (Nabu) نۆبەرەکەم بپارێزێت

دوای ئەوەی نیۆ دەکوژرێت، کەچی بە ماچێکی خاتو ترینیتی زیندو دەبێتەوە، ئەوەش لە پەرچوی (موعجیزە) مەسیح دەچێت کە مردوی زیندو دەکردەوە

   سەرکردەی شۆڕش بڕوای بە فریادڕەسێک هەبوو، بۆیە بە دو گولاجی شین و سورەوە فریادڕەس دەخاتە بەردەم دو بژاردەوە: وەستان یان گۆڕان، چەقین یان گۆڕین، هاوشێوەسازیی ساختە یان شێوازی ڕاستەقینە، وەهم یان واقیع! سەرکردە بە فریادڕەس دەڵێت: تۆ ئێستا بە دوای مندا دەگەڕێیت، بەڵام من هەمو ژیانم بە دوای تۆدا گەڕاوم

   پەرستگەی ئۆڕاکل وەک غەیبزان و پڕۆگرامی کلیلی کۆدەکان سەرکردەی شۆڕش ئاگادار دەکاتەوە، کە مۆرفۆیس بە هەڵەدا چوە و نیۆ فریادڕەس نیە، سەرکردە یان فریادڕەس یەکیان دەمرێت! ئۆڕاکل ئەوەشی ڕاگەیاند، کە خاتو ترینیتی شەیدای مردویەک دەبێت

   ئەڵبەتە نیۆ گولاجی گۆڕان هەڵدەبژێرێ و وەئاگا دێتەوە و بە چاوی خۆی دەبینێ کە پێشوتر لە چ کارەساتێکی نێو دونیای ماشینەکاندا ژیاوە، بە جۆرێک کە وەهمی لێ بوەتە هەقیقەت، وەهمێک لە واقیع واقعیتر بوو! هەر بۆیەش سیفەر دوای ئەوەی واقعێکی ڕاستەقینەی تۆقێنەر بە چاوی خۆی دەبینێ، چاوانی توشی سوتانەوە و ئازارێکی توند دەبن، هەروەکو بەندەی ئەشکەوتەکەی پلاتۆن، وەختێ دێتە دەرێ، چاوی لەبەر تیشکی خۆردا یەکسەر کوێر دەبێت، چونکی پێشتر هەرگیز چاوانی بەکار نەهێناون. لای خیانەتگەر هەقیقەت ئەوەیە کە لە ناو سەرماندایە، مادام وەهم لە ناو عەقڵماندایە، کەواتە وەهم لای ئەو بوەتە هەقیقەت، هەر بۆیە سیخور لە شۆڕش پەشیمان دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ شاری وەهمەکان و سیستەمی هاوشێوەسازەکان

   یاخیگەران بۆیە لێرەدان تاکو بتوانن هەڵبژێرن و بڕیار بدەن، لێرەوە ئەڤین و یەقین، ئیمان و زانین، ئامانج و ئاوەز لایان دەبێتە یەک، گەر نا، دەنا شاری زیۆن وێران دەبوو. خاتو ترینیتی بە نیۆ دەڵێت: مرۆڤێکی ئازاد و ئازا، کەسێکی بەهێز و بوێر، ئەوی خاوەن ئیرادەیە، هیچ ماشینێک ناتوانێ فریوی بدات و بیکاتە بەندەی زەمانە

   مۆرفۆیس پێی وایە کە وەهم پێویستی بە جیهانێکی ڕاڤەکراو هەیە، دەبێ پێشتر وەهم دەرخواردی عەقڵ درابێت، لە ناو هۆشیدا وەهمێکی ڕاڤەکراو ناوەخن کرابێت، ئەمجا لای بوەتە هەقیقەت. ئەقڵی ماشیندار و ماشینی ئەقڵدار ئاماژەن بۆ دواهەمین مرۆڤ کە بیری چوەتەوە هەقیقەت وەهمێکی فریودەر و دەستکردە. بەندەی زەمانە حەبی چەقبەستن و گولاجی بیرچونەوەی قوت داوە و وەهمی لێ بوەتە هەقیقەت، بیری نەماوە کە وێنەی هەقیقەت هیچ نیە جگە لە ئاوێنەی وەهمەکەی ناو سەری خۆی. دوایین مرۆڤ سەرنانەوەی خۆی پێ خۆشترە وەک لەوەی دەسبەرداری وێنەی وەهمەکەی ناو سەری خۆی بێت، لەوە تۆقیوە کە شوشەی هەقیقەتەکەی ناو سەری بەر ڕەخنە بدرێت و درۆکەی هەڵبوەرێت

   کاتێک مرۆڤ خەون دەبینێ، وا دەزانێت یەقین دەبینێ، بەڵام هەر کە وەئاگا هاتەوە، یەکسەر دەزانێت کە ئەوەی قەوما، تەنیا خەون بوو. ئایا خەون و یەقین هیچ جیاوازیەک لە نێوانیاندا دەمێنێتەوە، ئەگەر مرۆڤ هەر لە ناو خەوندا مایەوە و وەخەبەر نەهاتەوە! ئەگەر دونیا هەر شەو بوایە، کێ هەبوو بزانێ کە ڕۆژ چیە! ئەگەر خەونێک بە بەردەوامی ببینرێت، ئەگەر مرۆڤ هەر لەو دۆخەدا مایەوە، ئیدی خەون لای دەبێتە یەقین. ئیدی خەیاڵ وەک دال لای دەبێتە ڕیال. ئەرێ ڕاستی چەندە ڕاستە یان دەستکردە

   پلاتۆن (Platon): دو دونیا بە تەنیشت یەکترەوە هەن: دیار/نادیار، فیسیک/مێتافیسیک، جەستە/ڕۆح، مادی/ئیدیا، دونیای مادی ئاوێنەی دونیای ئیدیایە. ڕۆحی ئیدیاکان لە دەرەوەی کات و شوێن و کولتور و مێژودان، کە هەرە دێرینترین وێنەی موتڵەق و نەگۆڕن. ئیدیا و ئیدیال وەک جەوهەریەت و هەقیقەت وێنای ڕۆحێکی نمونەیی ڕەهان. باڵاترین ئامانجی مرۆڤایەتی گەیشتنە بە دونیای ڕۆحی و نمونەیی (ئیدیا و ئیدیال)، بە واتایەکی دی ڕۆح ناسین و گەیشتن بە کەماڵ ئامانجی مرۆڤە. هەمو مرۆڤەکان خاوەن یەک شتێکی هاوبەشن کە ئیدیا گشتیەکان و ڕۆحە هاوبەشەکانن، کە لە هەمو کات و شوێنێکدا جەوهەرێکی موتڵەق و هەقیقەتێکی نەگۆڕن، جیهانی مادیی شتەکان ڕەنگدانەوەی جیهانی ڕۆحیی ئیدیاکانە. لە کۆمارەکەی پلاتۆندا تەنیا عەقڵی شا فەیلەسوفان وەک فریادڕەسانێک گەیشتون بە مەعریفەت و هەقیقەت و جەوهەریەت کە ئاماژەن بۆ ئیدیای ئەسڵ و فەسڵ، لە کاتێکدا ئەوانیدی تەنیا خاوەن بیروڕا و باوەڕ و بڕوان، کە ئاماژەن بۆ ڕواڵەت و ڕوکەش و مەزهەر و کۆپی. لای ئەزمونگەری (Empirisim) مەعریفە بەرمەبنای سەرنجدان و ڕامان و چاودێری و ئەزمون و تاقیکردنەوەیە، ئەوەش لای پلاتۆ گریمانەی زانینێکی ناکامڵە

   دێکارت (Descartes): لە هەمو وەهمەکاندا تاقە فاکتێک هەیە: بەوەی کە ئەوە منم بیر دەکەمەوە، بۆیە من هەم! من دەفکرێم، کەواتە من هەم! لای دێکارت هەمو شتێک زاتیە، ئەوەتا بابەتێک نیە و تەنیا وەهمێکی ناو سەر و عەقڵە، کەچی لای خود بوەتە هەقیقەت، بۆ نمونە: مرۆڤ هەبوە کە ڕانێکی لەدەست داوە، کەچی لە تاو ئازاری کڵاوەی ئەژنۆیدا تلاوەتەوە، یان مرۆڤ هەیە کە دەمودانی تاقم و دەستکردە، کەچی وا هەست دەکات کە کاکیلەی کلۆر بوە و تاکە چارەسەریش تەنیا هەر هەڵکێشانە

   ڤیکۆ (Vico): ئەو پرسە بڕیاردەرە کە چۆن بگەینە مەعریفە، نەک مەعریفە چیە! تاک لە پێش هەمو شتەکانەوەیە، تاکەکەس لە سەروی هەمو شتەکانەوەیە و هەر خۆی بەرپرسە بەرانبەر بە جیهانەکەی خۆی.  خود (Subjekt) بنەمایە نەک بابەتگەری (Objektivism)، خود جیهانی خۆی خوڵقاندوە، سوبێکت ئاوێنەی ئۆبێکت نیە، بەڵکو بابەت ڕەنگدانەوەی زاتە. جیهان زاتیە نەک بابەتی، زەین پێش عەین دەکەوێت، ئەگەر خودێک نەبوو، ئەڵبەتە ئەو جیهانەش نیە کە خۆی دایمەزراندوە. لەبەر ئەوەی زانین بەری ئەزمونی لێکدانەوەکانە، مەعریفە زادەی ئەزمونکردنی ڕاڤەکانە، بۆیە دو شت لە مرۆڤ خواستراوە

یەکەم: هەڵکردنی مرۆڤ لەتەک واقعێکی دیکەی جیاوازدا

دوهەم: مرۆڤ بەرپرسە بەرانبەر واقیعەکەی خۆی

   هاوەشێوەسازیی ماشینەکان دەتوانن هزرگەری و ئەزمونگەری (ئەقڵانیەت و تەجروبیەت) فریو بدەن. هاوەشێوەسازی تەنیا وەهمێکی گشتگیر ناسەپێنێ، بەڵکو وەهمێکی تاکانەش دەسەپێنێ. لای لایبنیز (Leibniz) بیروبۆچون دونیابینیەکی هەڵە و وەهمە، تەنیا ئیدیای ڕاست دەتوانێت دونیا بەڕاستی ببینێ، دونیای ڕاستەقینە وەک ئیدیا نەگۆڕە و لە دەرەوەی کات و شوێندایە، بەدەرە لە زەمان و زەمین، ئەم فەیلەسوفە داهێنەری سیستەمی سفرویەک (01) یان دوال-سیستەم (Dualsystem) بوو کە بنەڕەتی ئیشکردنی سیستەمی کۆمپیوتەرە، لای ئەم داهێنەرە ژمارەی یەک خودایە، ژمارەی سفر هیچە کە خودا گەردونی لە هیچەوە خوڵقاندوە

   لای هیوم (Hume) هیچ شتێک لە دەرەوەی زانین و ئەزموندا نیە، یەقین بەبێ ئەزمون نیە. لای کانت (Kant) یەک دونیای هاوبەش هەیە، هۆکەی زانراو نیە، بەڵام کاریگەری بە سەرمانەوە هەیە، ئەوەش دەرکەوتەیە. ئەڵبەتە دەرکەوتە وەهم نیە، بەڵکو دونیا هاوبەشەکەمانە. لای هاوشێوەسازان گرنگ نیە کە لە وەهم دەژین و لە دەرەوەی ماشینەکاندا دونیایەکی بابەتی و واقعێکی ڕاستەقینە هەیە، لای هاوشێوەبازان گرنگ نیە کە جەستەیان لە دەرەوەی ماشینەکاندا بن، گرنگ ئەوەیە وەهمەکەی ناو سەریان لە واقیع واقعیترە

   لای کانت نە تەنیا ئەزمونی هەستەکان و نەش تەنیا تێگەیشتن دەتوانن دونیای ڕاستەقینە بناسن، بەڵکو پێکەوە بە هەستەکان و تێگەیشتنمانەوە زانین دێتە بون، بەڵام مەعریفە پەی بە جەوهەری دونیا لە خۆیدا نابات. لای ئەم فەیلەسوفە گریمانەی بەڵگەنەویست هەمیشە ڕاستە، بەڵام گریمانەی بەڵگەویست کاتێک ڕاستە، ئەگەر لەگەڵ ئەزمون و تاقیکردنەوەدا تەبا بوو، واتە هاوتابونی ئەزمون و جیهان. بەڵگەویست لە ڕێگەی گومان و ڕامان و کونجکۆڵینەوە جیهان دەبزوێنێ

   سەرکردەی شۆڕش مۆڕفۆیس ڕۆڵی فەلسەفەکەی لایبنیز دەگێڕێت کە پێکەوە لەگەڵ خاتون لە ناو باخی غەزەل و عیرفانیدا بۆ دو گەڵا دەگەڕان کە وەکیەک بن، دواجاریش هەمو گەڵا جیاوازەکان بە وشەیەک یەکسان بکەن و بە ناوێک جیاوازیەکان بسڕنەوە، هەمو گەڵا جیاوازەکان هەر بە وشەیەک ناو بنێن گەڵا وەک هەقیقەت و جەوهەر و ئیدیای نەگۆڕ دەرخواری ئەوانیدی بدەن، لە کاتێکدا هیچ گەڵایەک لە گەڵایەکی دی ناچێت. شتەکان بە ناولێنان نابنە هەقیقەت، وشەی گەڵا هەرگیز ناتوانێ نەک هەر هەقیقەتی گەڵا جیاوازەکان بێت، بەڵکو تەنانەت ناشتوانێ هەقیقەتی تاقە گەڵایەک بێت

   سەرکردەی شۆڕش مۆڕفۆیس ڕۆڵی فەلسەفەکەی لایبنیز دەگێڕێت، بەڵام فەرماندەی شۆڕش خاتو ترینیتی ڕۆڵی فەلسەفەکەی هیوم دەگێڕێت. مۆرفۆیس و خاتو ترینیتی واتە (فەلسەفەی لایبنیز و فەلسەفەی هیوم) پاڵنەرێکی هۆشیاری بون بۆ وەئاگاهێنانەوەی نیۆ لە وەهم و هاوشێوەسازی و دونیای ماشینەکان. لای نیۆ وەک فریادڕەسێک مەرجی مەعریفە بەرگری و بەرەنگاریە دژ بە هەقیقەتێکی بەڵگەنەویست و یەقین. نیۆ وەک فریادڕەس لە کەمۆڵەی تاقیگەدا ئەزمون و ئەقڵ واتە (فەلسەفەی هیوم و فەلسەفەی لایبنیز) تێکەڵ بە یەکتریان دەکات، ئەمجا تێکەڵەی گیراوەکە تۆزێ دەشڵەقێنێ، دەرئەنجام شتێکی خەست و خۆڵی فەلسەفی دەردەچێت کە کانتە و کانتیش نیە، بەڵکو هاوشێوەی کانتە

   لای بودریار (Baudrillard) کۆمەڵگەی هاوشێوەسازی (سیمولار) لە ڕێگەی بە مێدیاکردنێکی گشتگیرەوە واقیعە ڕاستەقینەکە خۆی ون کردوە، وێناندن و وێنەکانی مێدیا لە واقیع بە دەسەڵاترن، تەنانەت لە واقیع واقعیترن. مێدیا ڕەنگدانەوەی واقیع نیە، بەڵکو سازدەری واقیعە، ماسمێدیا بوەتە سەروی واقیع (هیپەر-ڕیال و مێگا-ڕیال). ئاڵتوسێر (Altusser) کە ناوێکی بیرچوە لە ئەدەبیاتەکەی فیکردا، لای ئەم نەک سپا و پۆلیس و ئاسایش، بەڵکو ئیدیۆلۆژی وەک خێزان، فێرگە، پەرستگە، زانکۆ، دام و دەزگەی پەروەردە و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری ڕێک خۆراکی ڕۆحین بۆ مانەوەی سیستەم. خود (سوبێکت) لە ئیدیۆلۆژیەوە دەزێت، خود منداڵێکی ڕەوای ئیدیۆلۆژیە. ئەو وەختەی ئیدیۆلۆژی بانگی تاکی کرد، هەر ئەو وەختەش خود دروست دەکرێت، ئەڵبەتە خودێکی ملکەچ کە شوێنێکی لە ناو سیستەمدا پێ دەدرێت و دەبێتە وابەستە و پابەندی دونیای ماشینەکان. لێرەوە ژیژەک (Zizek) گولاجی سور و شین وەلاوە دەنێ و گولاجی سێهەم (پەڕگری) هەڵدەبژێرێ، چونکی دام و دەزگەی ئیدیۆلۆژی یان سیستەم هیچ نیە جگە لە ئەویتری گەورە (großer Andere). بێگومان لای لاکان (Lacan) و ژیژەک هەقیقەت ستروکتورێکی (بونیات) وەهمی و خەیاڵی و گریمانەیی هەیە

ئەرێ ئەویتری گەورە چەندە زل و زەبەلاحە یان گزگل و گرگنە؟ باشە ئەویدیی گەورە کێیە

   ئەوی ڕۆڵی ئەویتری گەورە دەگێڕێت، کەس نیە جگە لە بنیادەم و ئادەمیزاد و مەردوم وەک کەسێکی نەناسراو، هاوکات دوسەرەیە واتە هەم کۆ و هەم تاکیشە، کۆ وەک خەڵک، تاک وەک مرۆ. مرۆڤ هەم یەکێک و هەمومانە و هەمیش هەمومان و یەکێکە، کە هەیدێگەر (Heidegger) ناوی دەنێت مان (Man)، ئەمیان جیاوازە لە وشەی پیاو/مان (Mann). ئێمە هەروەکو مەردومان دەخۆین و دەخەوین و بەرگ دەپۆشین و بڕیار دەدەین و دەکارین. ئێمە دەنوسین و دەخوێنینەوە، هەروەکو چۆن مەردوم شیعر و ڕۆمان و چیرۆک دەنوسێت و وتار دەبێژێت. مەردوم/مان کەس نیە جگە لە سیستەمی نیشانە، دال و مەدلول، وشە و مانا، یاسا و ڕێسا، داب و نەرێت، کولت و کولتور، ئیدیۆلۆژی و سروت، نامە و پەیام، وێنە و بەها، وێناندن و ناولێنان، کە ئاماژەن بۆ باوکێکی سیمبۆلی و ڕەمزی. ئەویتری گەورە نوێنەری سیستەمی زمانە کە وەک نامەیەکی نەنوسراو و نەنێردراو هەمیشە دەگاتە مەقسەت و مەنزڵ بەڕێوە دەبات

   ئێمە لە چاوی ئەویتری گەورەوە دونیا دەبینین، ئەویتری گەورە دونیابینیی ئێمە دیاری دەکات و ژیانمان ئاراستە دەکات. وتار، ڕوانێژی، گێڕانەوە، بەڵگەنەویست، کۆمێنت، دۆکومێنت، ئەرشیڤ، مێژو، پەخشان و حیکایەتە گەورەکان مەنزڵگەی ئەویدیی گەورەن

   ئەویتری گەورە مێدیوم و میانگرێکە (Medium) کە بونیاتی هەمو پەیوەندیەکانمانە و بنەمای داڕشتەی هەمو ڕەفتارەکانمانە. دانشتنێکی دوقۆڵی هەمیشە سێقۆڵیە، دو هاوڕێ بەردەوام سێ کەسن، تەنانەت ئاشق و ماشوق هەرگیز تەنیا هەردوکیان نین، بەڵکو هەمیشە ئەویتری گەورە وەک کەسی سێهەم لە نێوانیاندا ئامادەیە.  بەردەوام ئەویدیی گەورە حازرە و نێوکردەکان ڕێک دەخات، لێرەشەوە کاریگەریی ئەویتری گەورە دولایەنە و دوسەرە و دوجەمسەرە

   ئەویتری گەورە نوێنەری ئیمان و باوەڕ و بڕواکانمانە، چیدی ئێمە بڕوامان بە شتانێک نەماوە، وەک ئەڤینێکی هەتاهەتایی و نەمری، بەڵام پەیامە نەنوسراوەکە و نامە نەنێردراوەکە هەمیشە بە مەخسەت گەیشتون، چونکی ئەوە ئێمەین نین کە بڕوامان بەو شتانە هەیە، بەڵکو ئەوە ئەویتری گەورەیە وەک نوێنەرمان لەجیاتیی ئێمە بڕوای بەو شتانە هەیە، ئێمەش خۆمان پێوە هەڵواسیوە و پێی قایل و قانع بوینە، هەر لەبەر ئەوەشە مرۆڤی پاشمۆدێرنە لە پێشمۆدێرنە بە ئیمانتر و دیندارترە بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت و پەی پێ ببات

   شەرمکردن و خۆگێلکردن لە شتانێک وەک ئەوەی نەیزانین و شتێکی پەنهان بن، کە لە ئەویتری گەوەرەوە سەرچاوەیان گرتوە

   ئەگەر ئەویتری گەورەیان لێ کردینە یەقین، ئیدی یەقین هیچ نیە جگە لە ستروکتوری خەیاڵدان، ڕاستی بونیاتێکی وەهمی و خەیاڵی هەیە، هەقیقەت هیچ شتێک نیە جگە لە وەهمیەت، دال خەیاڵەکەی ناو سەری لێ بوەتە ڕیال

*****************************************************************************************************************************

سەرنج

بۆ زیاتر تێگەیشتن لە سێ ئەڵقەکەی (خەیاڵ و سیمبۆل و ڕیال) لای لاکان، هەر لێرەوە وتاری |چوارەم ئەڵقە نادیارەکەی لاکان| بخۆێنەرەوە

*****************************************************************************************************************************

سەرچاوە

Lacan in Hollywood, Slavoj Zizek; Erik Vogt; Turia & Kant; Bugrim, 2000

*****************************************************************************************************************************