Mythos des zweiten Todes! Unsichtbarkeit des vierten Rings! Zweiter Tod der Oper! Lacan & Zizek **************************************************** ئەفسانەی مەرگی دوهەم! چوارەم ئەڵقە نادیارەکەی خود! دوهەم مەرگی ئۆپێرا! لاکان و ژیژەک

05.09.2014 21:12

Mythos des zweiten Todes! Lacan 1

Kamilo Kaf کامیلۆ کاف

ئەفسانەی مەرگی دوهەم! لاکان

  • هەریەکیانە: ماوە یان مردوە
  • ڕەنگێ هەر بە ئەفیون دەچوو
  • دەنگێ هەر بە ئەفسون دەچوو
  • وتی: هەردوکیانە

   هیچ کەسێک ناتوانێ ئەزمونی مەرگ بکات، کەس مەرگی ئەویدی نامرێت، هەمیشە مەرگ واتە مەرگی ئەوانیدی، لە مەرگیشەوە کەس نەگەڕاوەتەوە، تاکو بزانین مەرگ چیە، لەبەر ئەوە فەلسەفە و زانست ناچارن لە ئەفسانەوە ئەفسونی مەرگ تێبگەن، هەر لێرەشەوە ئەو چەمکانەی شیاوی ئەزمونکردن نین وەکو مەرگ و دۆزەخ دزەیان کردۆتە نێو دەقە ئایینیەکانەوە. مەرگی دوهەم لە ئینجیلی یوحەنادا (Johannes) ئاماژەی پێدراوە، گوایە لە پەسڵاندا گوناهباران لە دەریای کوڵاو، لە ناو ئاگر و قوڵپە قوڵپی گۆگرد و قوڕقوشمدا ئازارێکی هەردەمی دەچێژن، کە ئەوەش مەرگی دوهەمی (zweiter Tod) ناو دۆزەخە

   مەرگی دوهەم لە سایکۆشیکاریدا (Psychoanalyse) واتە نێوان دو مەرگ، بەڵام مانای دوجار مردن نیە، بەڵکو بە مانای نێوان ژیان و مردن یان مان و نەمان دێت، نەک نێوان مەرگی یەکەم و مەرگی دوهەم، نێوان دو مەرگ واتە جێگۆرکێ و سنورێکی دی، نێوان هەبوون و بوون، نێوان وشە و شتە یان وشە و هیچە. خۆماکی مەرگ (غەریزەی مردن) بە شێوازێک مەرگی دوهەم دەبزوێنێ، کە ئەشکەنجەدانی هەمیشەیی جەستە خواستێتی، وێرانکردن و کاولکردن و خاپورکردن دوا ئامانجێتی

   غەریزەی مەرگ لای فرۆید (Freud) ویستە بۆ بە بەردبون و وەستان، گەڕانەوەیە بۆ دۆخی سەرەتای شتەکان، گەڕانەوەیە بۆ هیچێکی ڕەها و نیرڤانا (Nirwana)، ویستی زیندوە بەرەو حاڵەتی بێدەنگی و ئارامیی نازیندو (سکوت و سکون)، بەڵام غەریزەی مەرگ جوڵەیەکی پێچەوانە دەیبڕێت و هەرگیز دوا ئامانجی خۆی ناپێکێ، چونکی مەرگی جەستە ناگاتە دۆخی نائۆرگانی وەک خاڵی سفری بەر لە ئۆرگان، بەڵکو دوای مردنیش ئۆرگانەکانی ناو لەش ناوەستن و نامرن و زیندون، تەنانەت نینۆک و موی مردوش درێژ دەبن

   ئەڵبەتە غەریزەی مەرگ لای لاکان (Lacan) نیرڤانای فرۆیدی نیە، بەڵکو مەرگێک دەیبزوێنێ و زمانێک دەیدوێنێ. زمان دەزێت و دەیەوێت ژیان بنوسێتەوە، غەریزەی مەرگ پەیوەندیی بەم سەرەتا نوسینەوەیە هەیە، تاکو سەرەتایەکی نوێ و ڕادیکال دەست پێ بکاتەوە، ئەوەش سەرەتای وشەکان و خاڵی سفری شتەکانە. ویستی وشە لەباربردنی شتەکانە، خواستی واژە لەناوبردنی هەبووەکانە. مەرگی دوهەم پەیوەندیی نێوان زمان و هەبوونە، مەرگی دوهەم پەیوەستە بە جیاوازیی نێوان هەبوون و بوون، دواجاریش بوون خۆی نەبوونە، داهێنانی شت لە هیچەوە، شت (Ding) هیچە (Nichts) و هیچیش شتە. مەرگی دوهەم ویستێکە بۆ گەیشتن بە بوون (Sein) وەک هەقیقەتێکی ڕەها کە هەرگیز ون نابێت، هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی شتەکان بەر لە وشەکان، فرۆید واتەنی جوڵەی وشەکان خولانەوەیە بە دەوری نائامادەگیی شتەکان. واژەکان دەزێن و هەبووەکان دەمرێن، وشە جێگری شتەکان نیە، بەڵکو وشە جێگرەوەی شتەکانە. وشە نوێنەری شتەکان نیە، بەڵکو وشە کوشتەی شتەکانە، واژە بکوژی هەبووەکانە، لێرەوە شتەکان دەکوژرێن و وشەکان جێیان دەگرنەوە، واتە خود هەرگیز بە بابەت ناگات، ئۆبێکت (Objekt) ئەبەد سوبێکت (Subjekt) نایگاتێ

   سەرەتا وشە بوو! لێرەدا ڕسکانی زمان لای لاکان بە تیۆلۆژیی مەسیحیەتی (عەهدی) کۆن دەچێت کە ئەفراندن لە هیچەوە دێتە بوون. لەدایکبونی وشەکان سەرەتایەکی موتڵەق بوو کە پەیوەندیی بە گەشە و پەرەسەندنی داروینیسمەوە نیە. غەریزەی مەرگ ئامانجی مەرگی دوهەمە کە ئەمیان خواستی گەڕانەوەیە بۆ نەبوون واتە گەیشتن بە سەرەتا و (هیچ)، لە هیچیشەوە وشەکان خوڵقاون، لێرەوە مەرگی دوهەم پاشەوپاشبونەوەیە بۆ پێش وشە وەک ئەفراندنێکی بنەڕەتی تازە و نوێ. خۆئاگایی و خۆنائاگایی بە هۆی زمانەوە بونیات نراون، مەرگی دوهەم بەردەوام نەبوون یان (هیچ) خواستێتی، دۆخێکە بەر لە زمان، کە ئەوەش لە ئاکامی پەیوەندیی نێوان زمان و بووندا هاتۆتە ئاراوە. ویستێک مەرگی دوهەم بەڕێوە دەبات، کە گەیشتن بە (شت) ئامانجێتی واتە گەڕانەوە بۆ (هیچ) خواستێتی، ئەو هیچەی یان نەبوونەی کە زمان لێوەی هاتۆتە بوون. لێرەدا مەرگی دوهەم ڕوخێنەری دەستەڵاتی وشەکانە، زمان هاوکات هەم ئەفراندنی هەبوون و هەم مراندنی بوونیشە

   لاکان وتەکەی فرۆیدی وەرگرتوە کە دەڵێت: ویستی فەناکردن ئەڵبەتە بەر نێوان و سنورێک دەکەوێت

   مەرگی دوهەم هەمیشە شوێنێکی سنوردارە، نێوان ئەمدیو و ئەودیوە، نێوان مان و نەمان یان ژیان و مردنە. مەرگی دوهەم دەسبەرداری شت نابێت و دەخوازێ شت لە بەردەستی بێت، بەڵام دەستی نایگاتێ. سنورێک و نێوانی شوێنێک بە مانا تیۆلۆژیەکەی واتە ئەفراندنی بوون لە نەبوونەوە، بە مانا ئۆنتۆلۆژیەکەی واتە نێوان هەبوون و بوون، بە مانا سێمانتیکیەکەی واتە دابڕانی نێوان دالەکان، ئەڵبەتە بە مانا هەیدێگەریەکەی (Heidegger) واتە جیاوازی

   دو شێوازی خەیاڵ لە سەر سنوری مەرگی دوهەمدا هەن

یەکەم: وەهم و فەنتاسمای (Phantasma) ئازارچەشتنێکی هەمیشەیی، لای مەسیحی لەخاچدراو عەزابێکی هەردەمیە، دۆزەخیش لای ئایین ئەشکەنجەیەکی هەتاهەتاییە. لای مارکیز دو ساد (Marquis de Sade) واتە ئەشکەنجەدانێکی هەمیشەیی قوربانی نەک کوشتنی. لای فرۆید لە ڕێگەی غەریزەی ژیانەوە شوێنێک وەک سنورێک هەیە کە وەهمەکانی تێدا بارکراون و (لەودیو بنەمای لەزەتەوە) بنەوباری خۆیان ڕاخستوە و ئەرکیان نەرمکردنی وەهمی ژانێکی هەمیشەییە بە شێوازی دەمامکێکی جوانەوە

دوهەم: شێوازێکی جوانیناسی لە سەرزەمینی مەرگی دوهەمدا دەردەکەوێت، خودێکی جوان لە نێوان مان و نەماندا قەتیس کراوە و زیندویەکی نێژراوە و خێڵی دوژمن دەوری داوه و ڕێی قوتاربونی لێ گیراوە، بەڵام بە ویژدانێکی ئاسودەوە سەرفراز و سەربڵندە بەرانبەر بە خودی خۆی و کردەی خۆی دژ بە ناهەقی مرۆڤانێکی ستەمگەر، بە شێوازێک تراژیدیی ئەنتیگۆنە (Antigone) دێتەوە یادمان

   وشە یان دال بکوژی شتەکانە! ئەڵبەتە ئەم وتە ناسراوەی سەرەوە لاکان لە کۆژێڤ (Kojêve) و ئەمیش لە هێگلی (Hegel) وەرگرتوە، بەڵام دالەکان ئەرکی خۆیان هەیە و گەڕانەوەی شتەکان بۆ نەبوون (واتە هیچ) ئەستەمە یان گەیشتن بە سەرەتا و خاڵی سفر مەحاڵە. جوانی لای کانت (Kant) توانستی بڕیاردانی جوانیە کە ئەم حوکمە خۆی جۆرێکە لە دەسەڵاتی وشەی جوانی کە بە نەستەوە پەیوەستە، جوانی ماهیەتی ئۆبێکت و جەوهەری شت نیە، بەڵکو سوبێکت (خود) بڕیاری ئەم جوانیەی داوە، جوانی لە نێوان خود و بابەتدا وشە بڕیاردەرە، بەڵام وشە هەمیشە دەتوانێ تەنیا هەر (شت بۆ خۆی) نەک (شت لە خۆی)دا بزانێت، کەواتە وشە دەتوانێ هەر (مەزهەری شت) نەک (جەوهەری شت) بناسێت. ئێمە دەتوانین تەنیا ڕواڵەت و دەرکەوتە و دیاردە بخوێنینەوە و لێیان بگەین، بەڵام ناوەڕۆک و ماکی شتەکان نازانین. ئێمە دەتوانین تەنیا هەر بە (چۆنیەتی شتەکان) نەک بە (چیەتی شتەکان) ئاشنا بین

   ئەڵبەتە (لەودیو بنەمای لەزەتەوە) ئەم پەیوەندیەی نێوان وشە و شت لای ساد ژان و ئازاربەخشە، لای سادیست ئازار بەری وشەکانە، ئارەزو زادەی واژەکانە. هەست و نەست وەک بنەمای زمان دامەزراون، لاکان لە غەریزەی مەرگەوە سنوری مەرگی دوهەمی داڕشتوە. لێرەدا خستنە ژێر پرسیاری مەرگی ڕاستەقینە نیە، بەڵکو مەرگێکی دی و پەیوەستە بە بابەتی تاسەوە یان ئۆبێکتی تاسە

ژیانێکی هەتاهەتایی مایەی پرسینە، بەڵام مردنێکی ئەبەدی شیاوی پرسین نیە

*
*

******************************************************************************************************************************

سەرچاوە

Lacan Schriften 1, Vollständiger Text; Hans-Dieter Gondek ; Turia + Kant, Wien 2016

******************************************************************************************************************************

******************************************************************************************************************************

*

*

*

 

2 unsichtbar vierter Ring des Lacan

چوارەم ئەڵقە نادیارەکەی لاکان

   ئایا بونیات و بنەمای دامەزراندنی خود (Subjekt) لە ڕوانگەی تیۆریی لاکانەوە (Lacan) سێ ناوەندە یان چوار بازنە؟! (خەیاڵ و دال و مەحاڵ) (ISR) سێ ڕەهەندی دیاری خودن، ئەی کوا چوارەم ڕەهەندی نادیاری سوبێکت و لە کوێدایە و چۆنە؟! چوارەم ئەڵقە نادیارەکەی خود کامیانە

یەکەم ئەڵقەی خود: خەیاڵ (Imaginär)

   وەک وێنە، وێناندنی مادی و مانەوی یان ڕۆحی، ناڕاستی، گریمان، تارمایی، فەنتاسیا، وەهم و هەلوەسە. ئەمیان قۆناغی منداڵیە بەر لە زمانگرتن، پەیوەندیی خودی منداڵە بە وێنەی خۆیەوە، یەکەم نیگای خۆی لە ناو ئاوێنەدا بە نیگای ئەویدی و کەسێکی دی دێتە بەرچاو، وا دەزانێت وێنەی ناو ئاوێنەکە لەم دەڕوانێ، دواتر بەهۆی جوڵەی دەست و دەموچاو و جەستەوە بۆ یەکەمین جار خۆی وەک جەستەیەکی یەکپارچە و یەکگرتو دەناسێتەوە، گوایە پێشتر بە خەیاڵی خۆی جەستەیەکی پەرتپەرتە. لێرەدا ئەم وێنە-ناسین و خۆناسینە خەیاڵیە بە ئەزمونی ئەها (Aha-Erlebnis) منی ئیدیال و نمونەیی ناسراوە

دوهەم ئەڵقەی خود: سیمبۆل (Symbol) یان دال

   وەک دال و مەدلول، وشە و مانا، سیستەمی زمان، گوتار، دەسەڵات، یاسا و ڕێسا، کولت و کولتور، داب و نەرێت، مێژو، ئیدیۆلۆژی، ئایین، پیرۆزگەری و موقەدەس، ناوی باوکێکی سیمبۆلی (ڕەمزی) و ئەویتری گەورە (der große Andere). ئەم ڕەهەندەی خود ڕێک زمانی واقیعی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابوری و ڕۆشنبیریە، ڕێک زمانی دیالێکتیکی ئاغا و بەندەی هێگلە (Hegel) کە هەردو پێکەوە تەواوکەری یەکترن، دانپێنان بە جێگە و پێگەی یەکتر و ڕەوایەتی بە پلە و پایەی یەکتر بەخشین، ئەمیان وەکی سەروەر و ئەویان وەکی هەشبەسەر، ئەمیان کوێخا و ئەویان کۆیلە

سێهەم ئەڵقەی خود: ڕیال (Real) یان مەحاڵ

   ڕیال لێرەدا ڕێک بە پێچەوانەی ماناکەی خۆی بە واتای ناواقیع دێت، واتە دژ و هەڕەشەی واقیعە، کون و کەلێن و درزی ناو واقیعە، بۆشاییەکی بەتاڵە و پڕ ناکرێتەوە، ئەو بەشەی خودە کە ساغ و پوخت ماوەتەوە و چیدی کەرت ناکرێت، ئەو کەرتەی خودە کە دەستەمۆ و دەستگیر نابێت، خۆی ناداتە دەست عەقڵ و هۆش و لۆژیک، زمان نایگاتێ و پێناسە ناکرێت، بوونێکی تاک و ئامادە و جێگیر و نەگۆڕە، وەک خەون و هێدمە، تڕاوم و تڕاوما (Traum&Trauma)، شۆک، تۆقین، مەرگ، زەبروزەنگ، چێژ، شەهوەت، سێکس، چەپێنراو و خەفەکراو

   بێگومان ئەم سێ ئەڵقە و بازنەیە بە گرێی بۆرۆمە (borromäischer Knoten) ناسراوە، کە لە نێو یەکتردان و پێکەوە بەندن و گرێدراون و هاوسەنگی خودیان ڕاگرتوە، لێکردنەوەی هەر بازنەیەک دەبێتە ترازانی هەردو بازنەکەی دیکەش، واتە جیابونەوەی ئەڵقەیەک لە ئەڵقەکان دەبێتە هۆی تێکچونی خود و دەرون کە بە سایکۆسە یان پسیخۆسە (Psychose) ناو دەبرێت. ئەڵبەتە ئەم سێ ئەڵقەیەی خود (خەیاڵ و سیمبۆل و ڕیال) (ISR) لای ژیژەک (Zizêk) هەر ئەڵقەیەک لە ناو خۆیدا سێجار بە دو ئەڵقەکەی دی دەلکێتەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە

یەکەم: خەیاڵێکی خەیاڵی، خەیاڵێکی سیمبۆلی، خەیاڵێکی مەحاڵ

دوهەم: سیمبۆلێکی خەیاڵی، سیمبۆلێکی سیمبۆلی، سیمبۆلێکی مەحاڵ

سێهەم: مەحاڵێکی خەیاڵی، مەحاڵێکی سیمبۆلی، مەحاڵێکی مەحاڵ

    تیۆریی خود و خودی تیۆریی لای فرۆید (Freud) چوارەم ئەڵقەکەی خود کەوتوەتە دەرەوەی ئەم سێ ئەڵقەیەوە (خەیاڵ و دال و مەحاڵ) کە بە هەقیقەتێکی دەرونی ناوی دەبرد، بەڵام دواتر بە هۆی دەرونی نەخۆشەکانی خۆیەوە ناوی-باوکی (Name-des-Vaters) بۆ دانا کە پەیوەستە بە ڕۆڵی باوک لە گرێی ئۆدیپ (Ödipuskomplex) و تابو (Tabu) و ئۆبێکتی تاسە (Objekt des Begehrens) و قەدەغەکردنی بابەتی ئارەزودا. بێگومان چوارەم ئەڵقەی خود لای ئەم خودناسە بنەمایەکی ئایینی هەیە و پەیوەندیی بە پیرۆزیی خێزان و بنەڕەتی دامەزراندنی شارستانێتیەوە هەیە

   چوارەم ئەڵقەی خود لای لاکان پەیوەستە بە سیستەمی ناولێنان، باوکایەتی و باوکسالاری وەک دالێک و سیمبۆلێک نەک هەر ناوێک بوو، بەڵکو ناونەرێکیش بوو، سەرەتا باوک وەک ئادەمێک ناوی لە هەمو جانەوەران و مەلان نا، مانایەکی پێ بەخشین و چێژی لێ وەرگرتن. لەبەر ئەوەی سێ ناوی باوک وەک ناونان هەن، بۆیە ئەم ئەڵقەیە لای ئەم خودناسە ناوێکە بە کۆ نەک تاک واتە (ناوەکانی باوک) کە بەم جۆرانە دەردەکەون

یەکەم: ناولێنانی خەیاڵی وەک شەرم (Hemmung)

دوهەم: ناولێنانی سیمبۆلی وەک نیشانەی بیماری یان دەردە-نیشانە (Symptom)

سێهەم: ناولێنانی مەحاڵ وەک ترس (Angst)

   ئەڵبەتە دەردە-نیشانە و بیمارە-نیشانە وەک سیمپتۆم و سینتۆم (Symptom\Sinthom) جیاوازییان لەوەدایە کە دوهەمیان دال نیە، بەڵکو سەر بە ناشوێن و مەحاڵ و نەست و چێژە. گەرچی بیمار بە دەست نیشانەی بیماریەوە دەتلێتەوە، بەڵام هەر ئەوەشە وای کردوە کە بیمار ڕێگەی خۆپاراستن و بەرگریەک بدۆزێتەوە، لەبەر ئەم ڕۆڵە کاریگەرەی دەردە-نیشانە بۆیە ئەم خودناسە سینتۆم بەکار دەبات، کە ئەوەش (چوارەم ئەڵقە نادیارەکەی  خود )ی لاکان بوو، ڕێک لەو شوێنەی ئەڵقەی دال و ئەڵقەی مەحاڵ یەکتر دەبڕن. کەواتە ئەم ئەڵقەیە کەوتوەتە ناوەوەی سێ ئەڵقەکەی دیکەوە کە فرۆید پەی پێ نەبردبوو

   پیاوسالاری هۆکاری چەپاندنە، بەو شێوازەی کە چەپێنراو دەگەڕێتەوە و دەردەکەوێت، پێی دەوترێت دەردە-نیشانە (سیمپتۆم). بنەڕەتی نۆیرۆسە (Neurose) بە هۆی پێکەوە گرێدانی (چەپاندن و سیمپتۆم)ەوە دەردەکەوێت. چوارەم ئەڵقەی خود یان سینتۆم هەمو ئەڵقەکانی دی پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەڵبەتە سیمپتۆم ناچاری نیە و چارەی هەیە و قەرەبو دەکرێتەوە، ناچاری نیە، بەڵام واقیعە، دەکرێ مرۆڤ دەستبەرداری بێت

   چوارەم ئەڵقەی خود یان سیمپتۆم پەیوەستە بە پیرۆزگەری و موقەدەسەوە

*

*****************************************************************************************************************************

سەرچاوە

Lacan Schriften 2, Vollständiger Text; Hans-Dieter Gondek ; Turia + Kant, Wien 2015

******************************************************************************************************************************

*******************************************************************************************************************************

*

*

*

Tristan und Isolde: Textbuch mit Varianten der Partitur

mythisch zweiter Tod! Zizek 3

دوهەم مەرگێکی ئەفسانەیی! ژیژەک

   دوهەم مەرگی ئۆپێرا (Oper) ناونیشانی کتێبێکە لە نوسینەکانی ژیژەک (Zizek) و دەیەوێت پێمان بڵێت، ئەو وەختەی ئۆپێرا هاتە ژیانەوە، هەر ئەو وەختەش ژیانی ئێمەی بەجێ هێشت، ئۆپێرا وەک جەستەیەکی ڕەق و تەق دێتە بوون، ئەم هونەرە بە مردویی لەدایک بوو، دواتر دیسانەوە دەمرێت، بۆیە بە مەرگی دوهەمی ئۆپێرا ناوی دەبات. لێرەوە مردنێکی ئۆپێریانە و مەرگێکی ئەفسانەیی واتە: ئەفسانەی مەرگی دوهەم و دوهەم مەرگی ئەفسانە

   داخۆ بەم پێشنیوەرۆیە ئۆپێرا بە چی مرد؟! ئەها ئۆپێرا بە حەیران مرد، نوقمی ستران بوو تا خنکان، عیشق ئۆپێرای کوشت، هەروەکو مەرگی ئاشقێک و ماشوقێک وەک تریستان و ئیسۆلدە (Tristan&Isolde) لای ڤاگنەر (Wagner)، عیشق بکوژە، ئەڤین ئەفیونە، ئەفسونی شەرابی ئەڤین لێ دەگەرێ کە ئەو شتەی ئاشق و ماشوقی لێک دابڕاند، هەر ئەو شتە خۆیشی دەبێتە هۆی یەکگرتنەوەی هەردوکیان لە نێو بوونێکی پەتیدا

   ژیژەک پێی وایە، کە بابەتی ئارەزو یان ئۆبێکتی تاسە هەردەم ئارەزوی ئەویترە، عیشق دواجار شەیدای مەرگە، شەیدای ماشوق تاسەی مەرگە. وەختێ ئاشق و ماشوق جوت دەبن، دەکەونە نێو داوی ئۆبێکتی تاسەوە، سێکس کردەی تێپەڕاندنێکی ڕادیکاڵ و خۆونکردنێکی ڕەحەتبوونە، لە قوتکەی شەهوەتدا (Orgasm) مەرگێکی بچوک هەیە. هەندێک پێیان وایە کە چێژ پێچەوانەی ژانە، لە بنەڕەتدا چێژ پێچەوانەی قێزە نەک ژان. ئەڵبەتە شەهوەت (مەرگی عیشق) قولەترین چێژە و بەتاڵ دەبێتەوە، بە ناچاری چێژ پێچەوانە دەبێتەوە، ئەم پێچەوانەی چێژەش بێزە، چونکی چێژ دەخوازێ هەتاهەتایە بەردەوام قوڵ و قوڵتر بێت

   کەموکوڕیی بوون (Seins-Mangel) لای ژیژەک هەروەکو لاکان پەیوەستە بە ئارەزوی مرۆڤەوە یان لە ئاکامی تاسەی مرۆڤەوە بوونی کردۆتە جەستەیەکی کەموکوڕ، دەرئەنجامی ئارەزوی  جەستە ئەم نوقسانیە پەیوەستە بە نەبوونەوە، ئەمیشیان پەیوەستە بە مەرگی دوهەمەوە کە غەریزەی مەرگ دەیبزوێنێ. جەستە ئارەزوی شتێک دەکات و نایگاتێ، واتە ئارەزو ئاوەژو دەبێتەوە و هەر خۆیشی دەبێتە دیوارێک و بەربەستێک بە هۆی خەیاڵی خود خۆیەوە، کە خۆی داوەتە دەست وەهم و هەلوەسەوە. سوبێکت (Subjekt) تاسەی ئۆبێکت (Objekt) دەکات و نایگاتێ، هەر لێرەوەیە کە چێژ سنوردارە. سایکۆ-سێمیۆلۆژی (Psychosemiologie) بوونی کردۆتە بونەوەرێکی نیوەچڵ و نوقسان و پەرتپەرت، بوون بوەتە نیمچە-بوون

   بوون (Sein) لای ژیژەک هەروەکو مامۆستاکەی بۆیە نوقسانە، چونکە خاوەن ئارەزوە، تاسە سەرچاوەی نەداری و شەیدا زادەی هەژاریە، هەر بوونێکی ئارەزودار نیشانەی کەموکوڕیی بوونە، مەرگی دوهەم ئەو شتەیە کە دەخوازرێت، لێرەوە ئارەزو پەیوەستە بە بوونێکی نوقسان و نەبوون و مەرگی دوهەمەوە. جڵەوی تاسە خۆی دەداتە دەست خەیاڵ، هەر خەیاڵ خۆیشی دەستی چێژ دەگرێت و دەبێتە ڕێگرێک و لێ ناگەرێ چێژ بگاتە ئەنجام و ئامانج، لە ئاکامی وێنەی فەنتاسیانەی خەیاڵەوە ئارەزو بە چێژی خۆی ناگات. جۆش و خرۆشێکی جەستە حاڵەتێکی خۆبیرچونەوە و خۆونکردنە، بەڵام خۆ دانە دەست فەنتاسیای (Phantasie) خەیاڵەوە تاکو جەستە بە شەهوەت بگات، هاوکات چێژیش سنوردار دەکات. مەرگی دوهەم هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە چێژێکی بەجۆش و خرۆش، مەرگی دوهەم ویستێکە بۆ گەیشتن بە مەحاڵێکی جۆشدار. لێرەوە ئەم سنور و دیوار و بەربەستە بۆ گەیشتن بە شت (Ding) وەک بوون و هەقیقەت و ئۆبێکتی ئارەزو دو شێواز وەردەگرن

یەکەم: شێوازی مەرگی دوهەم

دوهەم: شێوازی مەرگی بچوک واتە شەهوەت

   ئارەزو پەیوەندیی بە نەبوون و هیچەوە هەیە. خەیاڵ جۆشدەری مەحاڵە (Real)، حەیران تاسەی گێڕانەوەی هیچە، (هیچ) خۆی چیرۆکی (شت)ە، ستران دەخوازێ بە (نەبوون و هیچ) بگات، ئەوەش پەیوەستە بە داهێنانی شت لە هیچەوە. بێگومان بە هۆی ئەفراندن لە هیچەوە مرۆڤ دەبێتە بونەوەرێکی خاوەن زمان کە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە مەرگی دوهەم و نەبوونەوە (واتە هیچ)ەوە هەیە. لێرەشەوە مرۆڤ بونەوەرێکی زماندار و زامدار و مەرگدارە. خواستی ستران مەرگی دوهەمە، ویستی مەرگی دوهەم گەڕانێکە بە دوای شتە ونبوەکاندا، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی شتە هەرگیز لەناونەچوەکان. مەرگێکی ئەفسانەیی و تاسەی مەرگێکی پەتی و ڕەهای ئاشقان و ماشوقان پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆیان بە نەبوونەوە هەیە، واتە یەکێتی و یەکگرتنەوەیان لەگەڵ بوونێکی پەتی و ڕەهادا، چونکی بوون و نەبوون لە نێو یەکتردان و کۆبابەت و تێهەڵکێشن

   درزی مەحاڵ و ڕیال (Real) یا ئەوەتا بوونە یان نەبوونە، ئەم کون و کەلێنە هاوکات هەم شێوازی بوون و هەم شێوازی نەبوونیش لە خۆ دەگرێت، بێگومان لای هێگل (Hegel) و هەیدێگەر (Heidegger) پرسی نەبوون هاوکات پرسی بوونیشە، نەبوون پێچەوانەی بوون نیە، نەبوون لێکدژی بوون نیە، بەڵکو نەبوون لەناو بوون خۆیدایە. بوون و نەبوون تێهەڵکێشن، وەختێ مرۆڤ پەیوەستە بە نەبوونەوە، هەر ئەو وەختەش بوون خۆی بۆ لێرەبوون واتا داسەین (Dasein) دەردەخات

هەیدێگەر وتەکەی هێگل دەڵێتەوە: بوونێکی پەتی و نەبوونێکی پەتی یەک شتن

   مەرگی دوهەم گەڕانە بە دوای ئۆبێکت و شتە ونبوەکاندا، لەجیاتیی ئەوەی گەڕانەوە بێت بۆ بیرچونەوەی شتە ونبوەکان و خۆ-ڕزگارکردن و خۆ-ئاسودەکردن لێیان. لەجیاتیی ئەوەی هەستکردن و دانپێنان بێت بەوەی کە شتێکی ونبو زیانبەخش نیە، گەرچی هەرگیز هیچ شتێک فەنا نابێت. لەبریی ئەوەی قایل بێت بەوەی کە ئیدی لەدەستچوە، بەڵام هەرگیز لەناونەچوە. دۆڕاندنی شتێک چانسێکە بۆ بردنەوەی شتێکی چاکتر، نسکۆی شتێک هەلێکی گونجاوە بۆ هەڵسانەوەی شتێکی دروستتر، مەرگی شتێک ئەگەرێکی شیاوە بۆ ژیانەوەی شتێکی جوانتر. کەواتە ونکردن زیاتر خۆ-ئاسودەکردنە نەک خۆ-سزادان

   لەدەستچون و بەسەرچون زیاتر دەبنە نیشانەی ژیان نەک مردن

*

*******************************************************************************************************************************

سەرچاوە

Der zweite Tod der Oper, Zizek; Kadmos 2007

*******************************************************************************************************************************

*******************************************************************************************************************************

*

سەرنج
 
هیچ و شت
Nichts & Ding
 

   وشەی |هیچ| ڕەهەندێکی فەلسەفیی هەیە، جارێ وەک هیچ و جارێ وەک شت خۆی دەردەخات. دەمێ چش |لاشيء| و دەمێ چشت |شيء| دەردەکەوێت. هاوکات هەم چیزە و هەم ناچیز، هەم شت و هەم شت نیە، هەم هیچ و هەم هیچ نیە. |هیچ| یان |شت| تەنیا لە یەک پیتدا گوزارشتێکی ڕاستەقینە لە خۆی دەکات، |چ| پیت و وشەیە هاوکات، ئاماژەیە بۆ هەم چت و هەم چش، وشەی |چ| هاوکات بە واتای هەم شت و هەم هیچ دێت

   بێگومان وشەی |هیچ| وەک ژمارە سفر نیە، سفر ژمارەیەکە، تەنانەت ژمارەیەکی جوتیشە، چونکی ژمارە یەک وەک تاک پێش ژمارە سفر وەک جوت دەکەوێت، هەمیشە ژمارەکانی ماتماتیک بەپێی ڕێسای تاک، جوت، تاک، جوت،.. تا ناکۆتا بە دوای یەکتردا ڕیز کراون، واتە ژمارە 0 جوتە، 1 تاکە، 2 جوتە، 3 تاکە،.. تاد

ئا لێرەوە وشەی |هیچ| وەک ژمارە سفر نیە، بەڵکو شتێکی دی و بابەتێکی جودایە   
 

   هەروەکو چۆن |بوون| بێگومان |نەبوون|ی لە ناو خۆیدا هەڵگرتوە، ئاواش |شت و هیچ| لە ناو یەکتردان. لەخۆڕا نیە، تازەترین زانست کۆنترین وتەی فەلسەفە دەڵێتەوە: بوون لە نەبوونەوە خوڵقاوە، شت لە هیچەوە هاتۆتە بوون! شت و هیچ تەواوکەری یەکترن، شت هیچە و هیچیش شتە. ژیانی شتێک ئەڵبەتە مەرگیشی لە ناو خۆیدا هەڵگرتوە، مەرگی شتێک ئەگەرێکی شیاوە بۆ داهێنانی شتێکی جوانتر. بێگومان لای هێگل و هایدێگەر پرسی نەبوون هاوکات پرسی بوونیشە، نەبوون پێچەوانەی بوون نیە، نەبوون لێکدژی بوون نیە، بەڵکو نەبوون لە ناو بوون خۆیدایە. بوون و نەبوون لێکدژ نین، بەڵکو بوون و نەبوون |کۆبابەت| و تێهەڵکێشن، وەختێ مرۆڤ پەیوەستە بە نەبوونەوە، هەر ئەو وەختەش بوون خۆی بۆ لێرەبوون (داسەین) دەردەخات

Dasein

هەیدێگەر وتەکەی هێگل دەڵێتەوە: بوونێکی پەتی و نەبوونێکی پەتی یەک شتن

وشەی |شت| بە شێوەی چ، چت، چشت، تشت، چیز و هین هەن
وشەی |هیچ| بە شێوەی چ، چش، هێ، هویچ، هێچ، هیچنا، چنا، چنە و چن هەن
لە فارسیدا وشەی|هیچ|ی پەهلەوی بە شێوەی هیش و ایچ هەس