ف F
ف F
فۆتۆگرافی، کامێرا
Fotografie, Kamera, Kammer
*******
فەساڵ، بەدفەساڵ
وشەی |فەساڵ| دەچێتەوە سەر وشەی |ئەسڵ و فەسڵ| واتا نەسەب
لێرەوە وشەی |بەدفەساڵ| واتا ئەسڵ و فەسڵی بەدە، ئەسڵ و فەسڵزادە نیە، ناڕەسەن
بەڵام بە سەروگوێلاکی ناشیرین دەوترێت |ڕەزاقورس| یان خوێنتاڵ
******
- فیلۆسۆفی و تیۆسۆفی
- Philosophie, philein, philie, sophia, A-theism, Theologie
- Philosophie = philein + sophia
- Theosophie = theos + sophia
فیلۆسۆفی وشەیەکی لێکدراوی گریکیە کە لە دو وشە پێک هاتوە
یەکەم: |فیلاین| واتا شەیدابون و خۆشویستن، |فیلی| واتا شەیدا و عیشق و دۆست
دوهەم: |سۆفیا| واتا حیکمەت، مەعریفەت، دانایی، ژیری
کەواتە |فیلۆسۆفی| واتا شەیدای دانایی، عیشقی حیکمەت، یاری مەعریفەت، دۆستی سۆفیا
بێگومان |فەلسەفاندن| واتا ئەقڵاندن، فەلسەفە لێکدانەوەی جیهانە، لۆژیکی جیهانبینیی زمانە، گومانکردنە لە یەقین، تێڕامانە لە ژیان، ڕوانینە لە ڕۆح و جەستە، ڕەخنەگرتنە لە دیاردەکان، پرسینە لە وێنەکان و دەرکەوتەکان، بیرکردنەوەیە لە وشەکان و شتەکان، گۆڕانکاریی ماناکان و دەستکاریی بەهاکانە. لە خوانی فەلسەفیدا سێقۆڵی |بوون و زمان و ڕامان| پێکەوە دەکەونە دیالۆگ
تیۆسۆفی وشەیەکی لێکدراوی یۆنانیە
یەکەم: |تیۆس| واتا خودا، خودێ، خودان، یەزدان
دوهەم: |سۆفیا| واتا حیکەت، مەعریفەت، دانایی، ژیری
کەواتە: |تیۆسۆفی| واتا ئیلاهیات، ڕێبازێکی بیرکردنەوەیە کە گەردون و خوڵقان و جیهان و سەرچاوەی هەمو شتەکان دەباتەوە سەر |تیۆس| واتا خودان و یەزدان
چەمکی |تەیسم| واتا خوداگەری. چەمکی |ئەتەیسم| واتا ناخوداگەری. چەمکی |تیۆلۆژی| واتا خوداناسی، لاهوت و شەرعیەت و مەعریفەی فەقێ. هەمو ئەم چەمکانە دەچنەوە سەر وشەی یۆنانی |تیۆس| واتا خودا
لێرەوە نەک فیلۆسۆفی بەڵکو تیۆسۆفی هێشتا لە ڕۆژهەڵاتدا باوە، فەلسەفە بوەتە تەیسەفە، کە سەرچاوەی هەمو شتەکان دەباتەوە سەر جەوهەریەت و هەقیقەت وەک ئەزلیەت و ئەبەدیەت و حەتمیەت، بوەتە شێوازێک لە بیۆلۆژی (بۆماوەیی) و تیۆلۆژی (لاهوت)، هێشتا مێتافیسیک و سروشتێکی ڕەهای نەگۆڕی تێنەپەڕاندوە و بەردەوام لە نێو ئەحکامە جێگیرەکانی (ئیمان و یەقین)دا خنکاوە، ئەوەش هیچ نیە جگە لە تیۆسۆفی و تەیسەفە نەک فەلسەفە