Vorwort und Nachwort! K. K *********************************************** پێشەکی و پاشەکی (پێش-وشە و پاش-وشە)! ک. ک
کامیلۆ کاف Kamilo Kaf
پێش-وشە، پێشینە، پێشەکی Vorwort
زمان ڕێزمانێکی چەقیو و وەستاو نیە، بەڵکو پڕۆسە و پڕۆژەیەکی بەردەوامە و بەردەوامیش پێویستیی بە دەستکاری و ئاسانکاری و جوانکاری هەیە، کە هاوشان لەگەڵ تەکنەلۆژی و زانست و بابەتی سەردەمدا بەڕێوە بڕوات
خۆڕاپسکان لە گرێی جوتە واو و یای نێو ڕێنوسی کوردیەوە: دیارە پیتی دو ئی |یی| لە ئەلفبێی کوریدا نیە، لێرەشدا پیتی دو ئو |وو| نیە، ڕەنگە هەمان پیتی وشەیەک کە دوجار بە دوای یەکتردا بێن، وەکو: ب|وو|ن، کۆتا|یی|، کە|لل|ەسەر، |دد|ان، ئە|مم|ا، بەڵام ناکرێ هەردوکیان بە یەک پیتی جیا دابنرێن، وەکی |وو|، |یی|، |لل|، |دد|، |مم|، دوبارەکردنەوەی هەمان پیت بە دوای یەکتردا تەنیا هەر لە حاڵەتی ناچاریدا پاتە دەبنەوە و هەرگیز نابنە یەک پیتی جیا، چونکی یەک پیت واتا یەک هێما، یەک وێنە یان یەک نیگار
دو هێمای پیت دەکرێ دەنگێکی تازە دروست بکەن، وەکو |ن، گ| لە وشەی مانگدا. بە لکاندنی هێمای چەند پیتێک دەکرێ دەنگێکی تازە دروست بکەن، بەڵام دوبارەکردنەوەی هەمان هێمای پیتێک ناکرێ هێمای پیتێکی تازەی جیا دروست بکەن
واوی کورت و درێژی زۆر زمان (وەکو: زمانی ئەڵمانی، ئینگلیزی،.. تاد) یەک پیت و یەک |و|ن بۆ هەردوکیان، نەک دو واوی درێژ. واتە واوی کورت و درێژ تەنیا هەر یەک واون بۆ نوسین، بەڵام تەنیا هەر لە گۆکردندا (لەفزکردن) جیاوازن
لێرەوە وشەی |دو| بە یەک واو دروستە، با لە گۆکردنیشدا واوی درێژ بێت
ئەوە چاولێکەری و لاساییکردنەوەی سەرە و ژێرە و بۆرەی (فتحە، کسرە، ضمە) زمانی عەرەبیە، گوایە بۆرەی (ضمە) عەرەبی دەبێتە بەرانبەر پیتی کوردی |و| واتە یەک واو، بەڵام پیتی واوی عەرەبی |و| دەبێتە بەرانبەر پیتی کوردی |وو| واتە دو واو!! لەجیاتیی خۆڕزگارکردن لە کێشەی دو واو، کەچی کێشەی دو یایش هاتە سەری، ئەمیان لاساییکردنەوەی ژێرەی (کسرە) زمانی عەرەبیە، گوایە بەرانبەر پیتی کوردی |ی| دانراوە، بەڵام پیتی یای عەرەبی |ی| دەبێتە بەرانبەر |یی| واتە دو یا لە نوسینی کوریدا!! ئەوەش چاولێکەریەکی بێمانا و لاساییکردنەوەیەکی بێتامە
هەروەها یای کورت و درێژیش تەنیا هەر یەک پیت و یەک |ی|ن بۆ نوسینی هەردوکیان، بەڵام تەنیا هەر لە گۆکردندا جیاوازن
لێرەوە وشەی |کوردی| بە یەک یا دروستە، با لە گۆکردنیشدا یای درێژ بێت، نەک کوردیی
کێشەی جوت |وو، یی| لە نوسینی کوریدا زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە هەردو پیتی |و، ی| هاوکات هەم بزوێن و هەم نەبزوێنن، بۆیە زۆرجار بە دوای یەکتردا دێن و دەبنە جوت |وو| یان |یی|. بۆ ئەوەی لەم کێشەیە ڕزگارمان بێت، پێویستە پیتی |و|ی نەبزوێن بکرێتەوە بە پیتی |ڤ| هەروەکو کورمانجیی باکور، بەڵام پیتی |و| بزوێن هەروەک خۆی بمێنێتەوە. هەروەها پیتی |ی|ی بزوێنیش هەروەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵام پێویستە پیتی |ی|ی نەبزوێن وێنە و هێمای دیکەی بۆ دابنرێت
یان بە پێچەوانەوە، رەنگە ئەمیان گونجاوتر بێت، هەردو پیتی نەبزوێن |و، ی| وەک خۆیان بمێنن، بەڵام پیتە بزوێنەکان وێنە و هێمای تازەیان بخرێنە سەر کە لەگەڵ ئەو پیتانەی نێو پڕۆگرامی کۆمپیوتەردا شیاو بن، تاکو پیتی نەبزوین و بزوێنی لێکچو لە نوسیندا جیا بکرێنەوە و بناسرێنەوە و تێکەڵ نەکرێن
پێشتر بە میزاجی چەند خوێندەوارێکی خاوەن بڕوانامەی ئەکادێمی دو ڕێسای ڕێزمانی بۆ دۆخی جوت واو و یا |وو، یی| دانراون کە هەردوکیان تەواو ناکۆک و لێکدژ و پێچەوانەی یەکترن
یەکەمیان: ئەگەر پێش پیتی |ی| پیتێکی بزوێن هەبوو، ئیدی دەبێتە دو ئی |یی|، وەکو: وشەی کۆتا|یی|. هەروەها لە دۆخی ئامرازی |ی|ی دانەپاڵدا ئەگەر پیتی |ی| لە کۆتایی وشەکەدا هەبوو، ئیدی دەبێتە دو ئی |یی|، وەکو: جوانی|ی| تاوس = جوانیی تاوس
دوهەمیان: ئەگەر پێش پیتی |و| پیتێکی بزوێن هەبوو، ئیدی دەبێ بە یەک ئو |و| بنوسرێت، وەکو: کرداری ڕابردو {کوتا|و|ە}، بەڵام ئەگەر پێش پیتی |و| پیتێکی نەبزوێن هەبوو، ئیدی دەبێتە دو ئو |وو|، وەکو: کرداری کرد|وو|ە
بێگومان پیتە بزوێنەکان بریتین لە : ا، و، ۆ، وو، ە، ی، ێ
گوایە بۆ جیاکردنەوەی مانای وشەی لێکچو پیتی دو واو |وو| پێویستە، وەکو: ج|و|ت، ج|وو|ت، بەڵام ئەوە بەڵگەیەکی هێندە لاوازە، کە بەرگەی بچوکترین لۆژیکی زمان ناگرێت، لۆژیکی وشە ئەوەیە کە وشە هەڵگری زیاد لە مانایەکە، بۆیە وشەی لێکچو بە یەک واو |و| هەڵگری هەمو ماناکانی وشە جوت واوەکەیشە
بێگومان پیتی جوت واو |وو| نەک هەر جوانیی ڕێنوسی شێواندوە، بەڵکو تەنانەت سەری لە پڕۆگرامی کۆمپیوتەریش تێک داوە. وشەیەک کە شەش حەوت واوی تێدا هەبن، وەکو: دووڕووبوون یان ڕووبەڕووبوونەوە، دەکرێ دەسبەرداری نیوەی ژمارەی واوەکان بین و ئاسان و ڕەوان بنوسین: دوڕوبون، ڕوبەڕوبونەوە
خاڵێکی دی کە پەیوەستە بە ڕێنوس و حونجەکردنی پیتەکان و گۆکردنی وشەکانەوە، بێگومان فۆنەتیکی ئینگلیزی بۆ زمانی کوردی دەست نادات، چونکی نوسین و گۆکردنی وشەی ئینگلیزی تەواو جودان، لە کاتێکدا نوسین و لەفزکردنی وشەی کوردی هەروەکو زمانی ئەڵمانی، وشەیەک چۆن بنوسرێت، هەر وایش دەخوێنرێتەوە، یان بە پێچەوانەش هەر ڕاست و دروستە، وشەیەک چۆن بخوێنرێتەوە، هەر وایش دەنوسرێت. بێگومان حاڵەتی کەم لە ئاوارتەش (استثناء) هەن
بۆ نمونە
- otomatic
- گۆکردنی وشەکە بە ئینگلیزی: ئۆتۆماتیک
- *****************************************************
- automatic
- نوسینی وشەکە بە ئینگلیزی: ئاوتۆماتیک
- *****************************************************
- Automatik
- گۆکردن و نوسینی وشەکە بە ئەڵمانی وەکویەکە: ئاوتۆماتیک
نوسینەوەی فۆنەتیکی ئینگلیزی بە پیتی کوردی |ئۆتۆماتیک| جارێکی دی بە پیتی ئینگلیزی ڕاست نایەتەوە لەگەڵ ئەسڵی نوسینی وشەکەدا، بەڵام فۆنەتیکی ئەڵمانی |ئاوتۆماتیک|، ڕێک بۆ زمانی نوسین و گۆکردنی کوردیش هاوشێوەن
ئەم چەمکە |بە جیهانیکردن| نەک |بە ئینتەرناسیۆنالیزەکردن|، چونکی پاشگری |یزە/یسە| تایبەتە بە زمان و ڕێزمانی ئەوروپی بە واتای |کردن یان بون|ی کوردی دێت، ڕێزمان ڕێ بەوە نادات و ناکرێ وشەی |کردن| دوجار بە دوای یەکتردا بنوسرێنەوە. لەبەر ئەوە سەرجەم چەمکە لاتینی و یۆنانیەکان کە بە پاشگری |یزە| هاتونەتە نێو زمانی کوردیەوە، جگە لە هەڵەیەکی ڕێزمانی هیچ شتێکی دی نین
پاساوی نادروست ئەوەیە کە چەمکی نادروست لە نەزانینەوە لە لایەن خوێندەواری خاوەن بڕوانامەی ئەکادێمیەوە وەرگێڕاوە یان وەرگرتوە، ئەمجا وەک چەمکێکی نادروستی ئەتککراو کەوتۆتە نێو زمانی کوردیەوە، پاشان بۆ پەردەپۆشکردنی هەڵەکەی خۆی کەوتۆتە هۆنینەوەی پاساوی گونجاندنی گۆکردنی وشەکە لەگەڵ تایبەتمەندیی فۆنەتیکی کوریدا کە ئەمیان ڕێسای سنورداری تایبەتی خۆی هەیە و بە هەڕەمەکی و گۆترەکاری وشە ساز نادرێت. زانکۆ و پەرلەمان و مێدیای هەرێم لێوانلێون لە پاساوی نادروست. ئەمانیش دو جۆرن
پاساوی نادروست
پاساوی نادروست
پاساوی نادروست
سەرنجێکی دی، وێرگوڵ، کۆما یان فاریزە |،| دوای ئامرازی |کە| نانوسرێت. |کە| واتا بەردەوامیدان بە ڕستەکان، نەک وەستاندنی ڕستەکان بە هەناسەی فاریزەیەک، بۆ نمونە: کەسێک کەسە، کە ئەلفێکی بەسە! ک. ک
ئەنجام
*****************************************************************************************************************************
K. K ک. ک
پاش-وشە، پاشینە، پاشەکی Nachwort
ڕاموسین مێژوی کولتوریی خۆی هەیە، ڕاموسانێک لە کولتورێکەوە بۆ کولتورێکی دی جیاوازە، ڕاموسان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی جودایە، لە ڕەگەزێکەوە بۆ ڕەگەزێکی دی ماناکەی دەگۆڕێت. ئەڵبەتە ئیمپڕاتۆریی ڕاموسین سنورەکانی تا ئەوپەڕی دونیا بڕیوە کە چیدی خۆری ڕاموس تیایدا ئاوا نابێت
ڕاموسین چەندین جۆری هەیە وەک ماچی ڕۆحی (پلاتۆنی)، ماچی خۆشەویستی، ماچی خزمایەتی، ماچی هاوڕێیەتی، ماچی جەژنانە، ماچی ڕامیاری، ماچی هاوسەرێیەتی، ماچی ئاشقان، ماچی چاوان کە هەندێ هۆزی کۆنی ئافریکا چاوی نوقاوی یەکتر دەلێسنەوە. ماچی بۆندار کە هەندێ هۆزی کۆنی چین بە چاوی داخراوەوە لوت دەخەنە سەر ڕومەتی یەکتر و تێر تێر بۆنی یەکتر هەڵدەمژن. ماچی زمان یان بەریەککەوتن و لستنەوە و مژینی زوبان
ڕەنگە سێکس بەبێ ڕاموسین بکرێت، بەڵام هەرگیز ئەو عیشقەی نێوان ئاشقان و ماشوقان بەبێ ڕاموسان ئەنجام نادرێت. خاتو سیمۆن دو بوڤوا (Simone de Beauvoir) لە دەفتەری یاداشتێکی خۆیدا گلەیی لە بەختی شەوێک دەکات کە ژان پۆل سارتری (Jean-Paul Sartre) هاوژینی ماچی شەوشادی نەکردوە و لە داخانە شەو تا بەیانی گریاوە و فرمێسکی هەڵڕشتوە. لێرەوە دەردەکەوێت کە ماچی عیشقێک هەڵگری کولت و کولتور و تڕادیسێونێکی تایبەتە، بۆماوەیی و بیۆلۆژی نیە، بەڵام ڕەنگە ببێتە گەردونی. سەدەی سیانزدە لای برایانی مەسیحی و پارساکان بە ماچی مێتافیسیکی ناسراوە کە بە دەمێکی کراوەوە ماچێکی بێگوناهی برایانەی ناو دەمی یەکتریان دەکرد. بێگومان لە چل و پەنجاکانیشەوە تا ئەمڕۆ ماچی سینەمایی هۆلیود قاڵبێکی سێکسی پۆشیوە کە زیاتر نمایشکردنی حەزێکی جەنگەڵیە وەک لەوەی نواندنی جەستەیەکی کولتوری بێت
جیاوازیەکی بنەڕەتیی نێوان ڕاموسین و سێکس لەوەدایە کە دوهەمیان بەریەککەوتنی دو کۆئەندامی جیاواز وەک فسیۆلۆژیی نێرینە و مێینەیە، بەڵام لە ڕاموسین و ماچی لێواندا هەردو ڕەگەزی نێر و مێ خاوەن هەمان کۆئەندامی دەم و زمانن، گەرچی وتن و چەشتن کاری ئەم کۆئەندامەیە، بەڵام لە چرکەساتی ڕاموساندا بێدەنگە
زمان یان ڕاموسان! چونکی سروشتی ماچ وایە! وەختێ زمان دەدوێت، ماچ ناکات! بەڵام وەختێ ماچێک دەکات، زمان نادوێت و بێدەنگ دەبێت! چونکی ناتوانرێت هاوکات گوتن و ڕاموسین پێکەوە ئەنجام بدرێن
گوتن یان ڕاموسین! مرۆڤ خۆی سەرپشک نیە لەوەی کە کامیان هەڵبژێرێت، بەڵکو ناچارە بە ماچێک بێدەنگ بێت، یان بەبێ ماچ بێتە دەنگ، دیوانی زمان هەر ئەو دەمانە وتراون و نوسراون کە ماچ ئامادەگی نیە، لە کاتێکدا دیوانی ڕاموسان هەر ئەو دەمانە داهێنراون کە وشە ئامادەگی نیە. ئا لێرەوە دێوانەی ئاشقان و ماشوقان دێتە بوون، دیوانێک کە هێشتا نەخوێنراوەتەوە و نەنوسراوەتەوە
یا ئەوەتا ڕاموسان یان زمان
Wien, am 22.10.2013
******************************************************************************************************************************
***************************************************
ک. ک K. K
زمانێکی فەوتاو بەبێ جێماوە
ئێمە نازانین بە تەواوی کەی زمانێک لەدایک بوە و ناشزانین ڕێک کەی مردوە، چونکی لەدایکبونی زمان پڕۆسەیەکی لەسەرخۆیە، نەک کتوپڕ لە شەو و ڕۆژێکدا ڕوبدات، مردنی زمانیش بە هەمان شێوە لە پڕێکدا ڕوینەداوە، بەڵکو هێدی هێدی مردوە
ئەگەر زمانێکی مردو دەقێکی نوسراوی لە دوای خۆیدا بەجێ هێشت، ئیدی دەبێ لە دەقی پاشماوە و جێماوە پێشتر کۆدی ئەو زمانە بخوێنرێتەوە و سیستەمی زمانەکە بخرێتە ڕو و ڕێزمانەکەی ڕون بکرێتەوە، ئەمجا دواتر دەتوانین لە ڕستەی ئەو زمانە بگەین و واتای وشەکانیش بزانین. واتە زمانێکی لەناوچو بەبێ دەقێکی نوسراوی پاشماوە و بەبێ وجاخی جێماوە بۆ هەتاهەتایە شیاوی ناسین و زانین نیە. لەبەر ئەوە (زمانی ئادەم) لە زمانناسیدا جێی نابێتەوە، چونکی تاقە دەقێکی نوسراوی ئەم زمانە لە هیچ ئەرشیڤێکی مێژوییدا نیە
گەڕان بە دوای زمانێکی وجاخکوێری فەوتاودا بە کۆمەکی هەندێ وشەی زمانێکی ئێستاوە جگە لە سەفسەتە و هەرتەقە هیچ شتێکی دی نیە، چونکی پێشتر دەبێ ئەو زمان و ڕێزمانە بەسەرچوە بناسین و بزانین، ئەمجا دەتوانین لە وشە و ڕستەی ئەو زمانە مردوە بگەین، چونکە وشە تەنیا هەر لە ناو زمانەدا مانای خۆی هەیە، وشە لە دەرەوەی زماندا هیچ مانایەکی نیە، بەبێ زمان و ڕێزمان هیچ وشەیەک واتای نیە. لێکدانەوەی وشەی زمانێکی فەتاو و ڕێزمانێکی نەزانراو وەهم و فانتاسیای خودی ئەم زمانەی ئێستایە، نەک خودی ڕاستەقینەی زمانە مردوەکە بێت. واتە کار لە سەر زمانێک ناکرێت کە پاشماوەی نیە، بەڵکو کار لە سەر ڕێزمانێک دەکرێت کە جێماوەی هەیە
وشە زمان ناخوڵقێنێ، بەڵکو زمان وشە دەخوڵقێنێ، ئەگەر وشە زمانی دروست بکردایە، ئەوا دەبوو هێندەی ژمارەی دانیشتوانی سەرزەمین حەوت ملیارد زمان هەبونایە. زمانێک بەبێ وجاخ و وەچە مایەی زانین نیە، زوبانێک بەبێ پاشماوە و جێماوە شیاوی ناسین نیە
نخوڵی لەوە ناکرێت کە زانست و ئایین لە مێتافیسیک بێبەری نین، زۆرجاریش بە هۆی دۆگمای بیرکردنەوە و ڕاڤەکردنەوە ئایدۆلۆژییان بەرهەم هێناوە، هەروەکو دارڤینیسم کە دەبوو دان بەو ڕاستیە بنێت کە مێژویەکی دیاریکراوی کۆنی مرۆڤ دەناسن، بەڵام پێش ئەو مێژوە کەس نازانێت مرۆڤ چی بوە و چۆن بوە، پێوەری لۆژیک وایە، لە کوێدا زانست نەیتوانی شتێک بە تاقیکردنەوە بسەلمێنێ، پێویستە ڕێک لەوێدا بڵێت نایزانین، هەرگیز ڕۆژێ لە ڕۆژان نە مەیمون دەبێتە مرۆڤ و نەش مرۆڤ دەبێتە مەیمون! ئەوەی لێرەدا پەیوەستە بە زمانەوە کەسانێک بە بەلاغەی کەلامەوە دەیانەوێت هەمان دۆگما بەرهەم بهێننەوە، چونکی کە زمانێک مرد بەبێ پاشماوە و جێماوە، بەبێ وەجاخ و وەچەی زمانەکە، بەبێ ئەوەی بیناسین، ئیدی هەمو ڕستەکانیش لەگەڵ مەرگی ئەو زمانەدا مردون، ئیدی هەمو وشەکانیش لەتەک مردنی ئەو زمانەدا فەوتاون
ئەم قسەیەی گوایە زمان دەمرێت و وشە نامرێت! گوایە زمانی مردو هەیە و وشەی مردو نیە و وشە نەمرە! ئەوەش جگە لە دۆگماتیسم هیچی دی نیە، باشە مرۆڤ عیلمی غەیبی لایە! مرۆڤ بە چی بزانێت وشەی زمانێکی ئەمڕۆ سەر بە فڵانە زمانە کە ئەم زمانە لە بەردەستدا نیە، وجاخی زمانەکە ناناسین، وەچەی زمانەکە نەماوە، زمانێک زۆر لەمێژە سەری ناوەتەوە و دەمێکە فەوتاوە. گۆترەکاری و فاڵگرتنەوە لە زمانناسیدا نیە
بە شێوەیەکی گشتی وشەی زمانە وجاخکوێرە لەناوچوەکان بۆ هەتاهەتایە ون و فەنا بون، بەڵام وشەی زمانە مردوە ناسراوەکان لە بەرگی فەرهەنگێکدا دانراون، بۆیە لە فەرهەنگی زمانەکانی ئەمڕۆدا ئەسڵ و فەسڵی وشەکانیش نوسراون، بەڵام ئەفسوس کورد هێشتا خاوەنی ئەم جۆرە فەرهەنگانە نیە. ئەگەر زمانێک بەبێ وجاخ و وەچە مرد، ئیدی بۆ هەتاهەتایە زمانێکی مردوە. ئەگەر زوبانێک بەبێ پاشماوە و جێماوە فەوتا، ئیدی هەردەم زوبانێکی فەوتاوە
هیچ زمانێک نیە کە هەڵگری ناوی کەسێک، مرۆڤێک یان ئادەمێک بێت، بەڵکو زمان هەمیشە هەڵگری ناوی نەتەوەیەک، گەلێک، میللەتێک، ئێتنیەک، گروپێک، وڵاتێک یان دەوڵەتێک بوە
**************************************************************