ل L

18.01.2013 10:20

ل L

  • kamilo-kaf.webnode.at کامیلۆ کاف
    سەرنج: دەسپاکی لە نوسیندا ئەرک و مەرجە! ئەگەر واتا و ڕیشەی وشەکان لە فەرهەنگەکاندا وەرگیران و لە فەیسبوکدا ئاساییە کە سەرچاوەکەیان نەنوسرێن، چونکی دەزانرێن کە لە زۆربەی فەرهەنگەکاندا هەن، بەڵام ئەگەر لێکدانەوەی نوێی ڕیشەی وشەیەک لە هیچ فەرهەنگێکدا نەبوو، دەبێ ئاماژە بە نوسەرەکەی بدرێت، دەنا دەچێتە خانەی دزینی نوسین و دزینی دەقی نوسەرەوە!! تەنانەت کەسانێک لە ڤیکیپێدیا و لێرەش خەریکی ئەم جۆرە ئەتوارەن بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەکان، بە تایبەتی بە زمانی کوردی، فارسی، عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی،.. تاد
  • wikitionary, wikipedia
 

لافاو

Flut, flow, *plo-, Welle, *uel-, *lei-, Sint-flut, Sünd-flut

بێگومان دەریا هەمیشە لە هەڵکشان و داکشاندایە، بۆیە دەریا بەردەوام لە نێوان دۆخی هەڵچون و داچوندا دێت و دەچێت، چونکی دەریا دو جۆر شەپۆلی هەیە، شەپۆلی هەڵکشە و شەپۆلی داکشە، بەرزاو و نزماو، یان خێزاو و نیشتاو

دۆخی هەڵکشان دەبێتە لافاو، بە ئەڵمانی پێی دەڵێن |فلوت| کە دەچێتەوە سەر بنەڕەتێکی ئیندۆگێرمانی |*پلۆ-| واتا تاودان، خوڕاو، هاژە و هوروژمی ئاو، لەبەرڕۆیشتنی ئاو. پێمان سەیر نەبێت کە |پلۆ| بە ئینگلیزی بوەتە |فلۆ| واتا لافاو

بە کوردی وشەی |پێل/پەل| واتا لەف، لیپ، مۆنج/مەوج، شەپۆل/شیپەل، شیپە. لپێلبون واتا شەپۆلدان

بە ئەڵمانی وشەی |ڤێلە| واتا پێل کە دەچێتەوە سەر بنەڕەتی ئیندۆگێرمانی |*وێل-| واتا لەفدان، لولدان، پێچدان، خولانەوە، سوڕانەوە

ئەها جێگۆڕکێی دەنگی |پ/ف/ڤ/و| لە نێو زماندا چەندە زەق و دیارن، دەربارەی |لافاو/لاپاو| هەمان شت و هەمان ڕوداوە ، ئاکامی جێگۆڕکێی دەنگ و پیتە

لافاو |لاف + ئاو| لێکدراوە، وشەی |لەف/لاف| واتا پێل و لیپ و شەپۆل. کەواتە لافاو واتا شەپۆلاو

لیفاندن/لەفاندن واتا بەرزبونەوە، باڵاکردن، بڵندبونەوە، هەڵسان و ئاخێزکردن. خێزیانی شەپۆل دەبێتە خێزاو/خیزاب

خێزاو |ئاخێز + ئاو| لێکدراوە، واتا خێزیانی شەپۆل، واتە لافاو
لاخێز |لا + خێز| لێکدراوە، وشەی |لا| واتا نیوە یان نیمچە. کەواتە لاخێز واتا نیمچە لافاو

سێڵاو |سەیل + ئاو| لێکدراوە، بە عەرەبی وشەی |سەیل| واتا تەوژم، شەپۆل، شیپە و شیپ، بە فارسی کراوە بە سەیلاب/سیلاب، بە کوردیش کراوە بە سێڵاو واتا خوڕاوی بەگوڕ و نهێم، لێشاوی بەتەوژم و شەپۆلدار. وشەی |شیپ| واتا لافاوی بەتەوژم. لێرەوە سێڵاو واتا شەپۆلاو

ڕەنگە ئاکامی جێگۆڕکێی دەنگی |ف/پ| لە نێو زماندا کە دیاردەیەکی زەق و باوە، لافاو بوەتە لاپاو، ئەمجا لاپاو بوەتە لیپاو. وشەی |لیپ| ئەگەر بچێتەوە و نەچێتەوە سەر وشەی |لێو|، هێشتا لێرەدا هەر بە واتای لەف و پێل و شەپۆل دێت، لێرەوە لافاو و لاپاو و لیپاو هەر بە واتای شەپۆلاو دێن

لیپاو |لیپ + ئاو| لێکدراوە، وشەی |لیپ| واتا لەف و پێل و شەپۆل. کەواتە لیپاو واتا شەپۆلاو

بەرئەنجام

لە بنەڕەتەوە سەرجەم ئەم وشانە (لافاو، لاپاو، لیپاو، سێڵاو، شیپ، لاخێز، خێزاو) واتا شەپۆلاو

م. سەروەر لێکدانەوەی چڕوپڕی بۆ ئەم وشانە کردوە |لا، لاو، لەهی/لێهی، لەی، لی، لێ، لێیە، لێمشت، لێهشت| واتا لافاو. گەرچی وشەکان هاوواتای لافاون، بەڵام ڕیشەی ئەم وشانە جیاوازن و دەچنەوە سەر بنەڕەتی ئیندۆگێرمانی |*لای-| یان |لەی/لێی| واتا قوڕ و لیتە، قوڕاو، لیتاو، شڵپاو، زلیتاو، خاکێکی شل و لنج و خز و خلیسک، کە تۆف و لافاو دروستی کردون

کورت و پوخت ئەم وشانە بە شێوەیەک لە شێوەکان زیاتر پەیوەستن بەم واتایانەوە: قوڕاو، لیتاو، زلیتاو، چڵپاو، شڵپاو، لێڵاو، لیخناو، لماو، لێم، لیم، لیو، لمت، خیز، خز، خیسەڵان، سیلک، سێلاخ، لێل، لێڵ، شلو، شلوێ، لیچ، لنج، لیجە، لیتە، لەوە، لەیشۆ،.. تاد

Typhon, taifun تۆفان

بەگوێرەی گێڕانەوەی ئینجیل خودا چل شەو و چل ڕۆژی ڕەبەق لێزمەی داباراند، دەرئەنجام تەنیا هەر کەشتیەکەی نوح و سەرنشینیان مانەوە، بەوەش دەوترێت تۆفان، بە ئەڵمانی |سینت-فلوت| واتا لافاوێکی بەردەوام بەبێ بڕانەوە، دیارە پێشوتر وتمان کە |فلوت| واتا لافاو، وشەی |سینت| واتا بەردەوام بەبێ بڕانەوە، بەڵام خەڵک بە هەڵە وشەکەیان کردوە بە |سویند| واتا گوناهی بەد

کەواتە هەردو وشەکە پێکەوە |سینت-فلوت| دەبنە لافاوی بەردەوام واتا تۆفان، نەک |سویند-فلوت| واتا لافاوی نەفرەت

وشەی |طوف| واتا خولانەوە. لێرەوە تۆفان |طوفان| واتا گێژاو، گێژەڵوکە، گەردەلول، لافاوی بەردەوام
 

هەرچەندە کۆی |امراءة| و تاکی |نساء| لە زمانی عەرەبیدا نین، |طوفان|یش ئەگەر بکرێتە کۆ، جێی بڕوا نیە و دیارە کە بە زۆرەملێ دروستکراوە!! بۆیە ڕیشەی تۆفانەکەی نوح نازانرێ کە دەچێتەوە سەر کام زمان: ئارامی و عیبری، یۆنانی (تیفۆن)، یان سینیتی (تەیفون)،.. تاد

******