ن N
15.01.2013 10:27
ن N
- ناموس
- nomos, namus, nematos, kanon, Kanone, Kanne, kanna, Kanal
هەر لێرەوە شەقوەشێن و بەڵتەچی و گەندەڵ و دزی داهاتی وڵات و دارودەستەی ستەمگەری دەچنەوە سەر خانەی بێناموسیەوە. ئەو ڕەفتار و ئەتوارەی بۆ خۆت پێت ناخۆشە کە بەرانبەرت بکرێت، ئاواش پێت ناخۆش بێت کە بەرانبەر ئەویدی هەمان ئەتوار بکەیت
وشەی |ناموس| بە ڕواڵەت وا دەردەکەوێت کە چەندین مانای هەبێت
- یەکەم: بە یۆنانی وشەی |نۆمۆس| واتا یاسا و ڕێسا، شیرازەی ڕێکخستنی کۆمەڵ، ئاداب، داب و نەرێت، عورفی کۆمەڵایەتی، ئابروی کەسایەتی
- عەرەب وشەی |نۆمۆس|ی مۆسای لە تەوراتی یۆنانیەوە وەرگرتوە و کردویەتی بە |ناموس| بە هەمان واتاکانی سەرەوە، بە کوردی و ئوردو و فارسی و تورکیش هەمان واتایان هەیە
- دوهەم: بە یۆنانی وشەی |نۆمۆس| بە واتای ژمارەی ماتماتیک دێت
- سێهەم: بە عەرەبی وشەی |ناموس| واتا مێشولەی ورد، وڕە، پەشە، پێشی، پەخشە، پێشکە. هەروەها مانای دی وەکو: نهێنپۆش، دوڕو، فیتنە، ساختەچی، فێڵباز، بوختانباز، سەربەگۆبەن
- وشەی ناموسیە یان ناموسیەت واتا پەشەبەند، پەردە کولە، لێرەدا وشەکە فریودەرە، چونکی وشەکە پەیوەندیی بە |نۆمۆس| و ئادابەوە نیە، بەڵکو دەچێتەوە سەر وشەی یۆنانی |نێماتۆس| یان نەماتۆس واتا دەزو، کە بە زمانی یۆنانی بە ناوی لێکدراوی مێروەکانەوە لکاوە، وەکو: گەنەی دەزو ئاسا، مێشولەی وردیلە، کرمی دەزولەیی
- کەواتە وشەی |ناموس| بە واتای مێشولەی ورد پەیوەندیی بە نۆمۆس و ئاداب و داب و نەرێتەوە نیە، بەڵکو عەرەب بە قوتدانی پیت و شێوەی گۆکردنی وشەی |نەماتۆس|ی کردوە بە ناموس
- هەر لێرەشەوە دەردەکەوێت کە وشەی |نۆمۆس و ناموس| ڕێسای نەنوسراون، هەر وەختێ نوسران، ئیدی بە یۆنانی دەبنە |کانۆن| واتا قانون و یاسای دەستور، ڕاستە نوێڵ. بە چەکی قورسی وەک تۆپی لولەدار دەوترێت |کانۆنە| کە دەچێتەوە سەر وشەی یۆنانی |کانە| واتا لولە. بە ئەڵمانی |کانە| واتا لولەدار وەک قۆری و کتری و سەماوەر و چادان. وشەکە خزمە لەگەڵ وشەی |کەنال| واتا جۆگە، زێراب، قەنات و کەناڵی تێڤی
- ******
Dichter-Narziss, Pseudo-Narziss, narkissos, narkein, Narkose
نێرگز، نارزیسم
پێشتر ئەم چەمکە |نارزیسە| لە ئەفسانەی یۆنانیدا گێڕانەوەی چیرۆکی نەوجەوان |نارکیسۆس| هەبوە، کە لە گۆمی نێو دارستانێکدا بۆ یەکەمین جار لە نێو ئاوەکەوە وێنەی خۆی دەبینێ و بە جوانیەکەی خۆی لە جێی خۆیدا سڕ دەبێت، ئیدی بەردەوام هەر لە وێنەکەی خۆی دەڕوانێ تا ڕادەی فەنابون و بونە نێرگز
ئەمجا دواتر بوەتە چەمکێکی جیهانیی سایکۆلۆژی |نارزیسم| واتا سڕبون بە وێنەی خۆ، خۆشەیدابون
پیتی |گ، ج| لەم تێرمە دەرونناسیەدا نیە. وشەی |سێلفی| واتا وێنەی خۆ، دەردێکی سەردەمە لە نێو مێدیاکان و تۆڕە کۆمەڵاتیەکاندا
وشەکە دەچێتەوە سەر بنەڕەتی کرداری یۆنانی |نارکەین| واتا سڕبون و بەنجبون
هەر لێرەشەوە وشەی |نارکۆسە| واتا بەنج، مادەی سڕکردنی جەستە و لەش
فارس بەم گوڵە دەڵێت نەرگیس |نرگس|. عەرەب کردویەتیە نەرجیس |نرجس|. کورد پێی دەڵێت نێرگز
زیاتر لە سەد جۆر گوڵەنێرگز هەن، بەڵام دو جۆریان فرە ناسراون
یەکەم: |نێرگزە شاعیر| لە یۆناندا هەیە کە بۆنی ئەم گوڵە ڕەنگ سپیە مرۆڤ سڕ دەکات
دوهەم: |نێرگزە درۆینە| کە گوڵەکەی ڕەنگ زەردە
گوڵەنێرگز بۆ عەتر و دەرمان بەکار دێت، لە کۆنیشدا بۆ دەرمانی پێست و جومگە، بۆ دژە سەرما و کۆکە و خەڵەفان
******
نیمرۆد، نێبرۆد، نینۆ
nimrod, nebrod, nino
دو سەدە و نیو پێش زایینی هەرە کۆنترین وەرگێڕانی تەورات لە زمانی عیبری- ئارامیەوە بۆ زمانی یۆنانیی کۆن بەناوی حەفتاوە نوسراوە: نێبرۆد
نیمرۆد لە تەوراتدا ناوی هاتوە، بەڵام لە قورئاندا ناوی نەهاتوە، بەڵکو ڕاڤەکاران ناویان بردوە. بەڵگەی مێژویی و شوێنەواری کۆن دەربارەی ئەم پاشایە نین، بەڵکو تەنیا لە ئەفسانەکان و چیرۆکە دینیەکاندا هەن
پێشەکی و بەشی یەکەمی ناوەکە دەچێتەوە سەر وشەی ئاشوری |نینۆ| واتا خوای یان شای دەسەڵاتدار