Pseudo-Übersetzung! K. K ******************************************** وەرگێڕان یان وەرگەڕان! دەساودەس-وەرگێڕان! ک. ک
Kamilo Kaf کامیلۆ کاف
وەرگێڕان یان وەرگەڕان! دەساودەس-وەرگێڕان
کورد دو جۆر وەرگێڕانی بۆ شاکاری ئەدەبی و فیکری هەیە
یەکەمیان ئەوانەن کە لە دەقە ئەسڵیەکە نەگەیشتون، بێگومان ئەوەش پەیوەستە بە هەژاریی بنەمای فیکری و تیۆری و مێتۆدی وەرگێڕەکانەوە دەربارەی بابەتە ئەدەبی و فیکری و فەلسەفیەکان
دوهەمیان ئەوانەن کە لە دەقە ئەسڵیەکە گەیشتون، بەڵام گوزارشت و داڕشتەی زمانیان هێندە لاواز و داماوە کە ئەستەمە کەسێک بتوانێ لە دەقی زمانیان بگات
ئەڵبەتە پاساویان ئەوەیە کە گوایە ئەم جۆرە دەقانە بۆ دەستەبژێرێکی خوێنەرە، یان گوایە زمانی کوردی هەژارە و دەقی وەرگێڕدراو لەوە باشتر دەرناچێت، بەڵام لە بنەڕەتەوە ئەوە زمانی وەرگێڕەکانە کە زمانێکی هەژارە نەک زمانی کوردی، گەرچی ئەم زمانە کێشەی گەورەی لەتەک چەمکە فیکری و فەلسەفی و زانستیەکانیشدا هەیە. لە زانستی زماندا زمانی هیچ گەلێک نیە کە هەژار و لاواز بێت، بەڵکو ئەوە زمانی ڕۆشنبیرێک خۆیەتی کە زمانەکەی پەرپوتە و خاڵیە لە فیکر و مەعریفە
وەرگێڕانی شاکاری ئەدەبی و فیکری و فەلسەفی وەرگێڕانی حەرفی و پەتیی وشەکان و ڕستەکان و دێڕەکان نین، بەڵکو دەبێ پێشتر ورد و درشتی مێتۆد و تیۆری و دونیادیدەی ئەو شاعیر و ئەدیب و بیرمەند و فەیلەسوفەت خوێندبێتەوە و بە چەندین وتار لێکدانەوەت بۆی کردبێت، ئەمجا سەرەتای پڕۆسە و پڕۆژەی وەرگێڕان دەست پێ دەکات. لە هەرێمدا ژمارەی وەرگێڕەکان لە شاعیران و ئەدیبان و نوسەران زۆرترن، بەبێ ئەوەی یەک وتاری قوڵیان دەربارەی مێتۆد و تیۆری و فیکری نوسەری دەقەکە نوسیبێت، جگە لە چەند دێڕێکی شەرمن و پیاهەڵدان و ڕیزکردنی ناوی کتێبەکان و سەرگوزشتەی ژیانی نوسەر، کەچی نوسەر و وەرگێڕی کورد حەفتا کتێبی نوسراو و وەرگێڕاوی لە بازاڕدا هەیە! لێرەوە یا ئەوەتا وەرگێڕمان نیە، یان هەر زۆر دەگمەنە، ئاخر تا ئێستا ڕەخنە و لێکدانەوە و خوێندنەوەی قوڵ نەکراون بۆ ڕامبۆ، هۆلدرین، شەکسپیر، دۆستۆیڤسکی، کافکا، کامیو، نیتچە، دولوز، فوکۆ،.. تاد، ئیدی نازانم قسە لە کام وەرگێڕان بکەین. شەرم و شورەیی نیە کە مرۆڤ شتێک نەزانێت، بەڵکو عەیب و عار ئەوەیە کە بەناوی زانین و مەعریفەوە دەرخواردی خەڵکی بدات و خۆی لێمان بکاتە خەبیر و پسپۆڕ و شارەزای بوارێک بە پارەی خەڵک بەناوی پڕۆژەی ڕۆشنبیریەوە بودجەی گشتی حەپەلوش بکات. ئەخلاقی فیکر و پرنسیپی زانست وایە: لە هەر کوێدا شتێکی نەزانی، رێک لەوێدا دەڵێت کە نایزانێ! نمونەیەک لە دونیای جەهلی وەرگێڕان کە فڕیان بە سەر فیکر و مەعریفەوە نیە و تەقەی سەریان دێت
Dasein
چەمکی ئەڵمانی |داسەین| واتا لێرەبوون، لێرە-بوون
لەوەیش بگەڕێین کە بە دازاین نانوسرێت و ناخوێنرێتەوە، چەندە مایەی تەریقبونەوە و شەرمەزاری و گاڵتەجاریە کە ئەم چەمکە فەلسەفیە ئەتک کراوە و کراوەتە نوکتەی: |بوون-لێرە|، یان بوون-لەوێ
پاساوی نادروست ئەوەیە کە چەمکی نادروست لە نەزانینەوە لە لایەن خوێندەواری خاوەن بڕوانامەی ئەکادێمیەوە وەرگێڕدراوە یان وەرگرتوە، ئەمجا وەک چەمکێکی نادروستی ئەتککراو کەوتۆتە نێو زمانی کوردیەوە، پاشان بۆ پەردەپۆشکردنی هەڵەکەی خۆی کەوتۆتە هۆنینەوەی پاساوی گونجاندنی گۆکردنی وشەکە لەگەڵ تایبەتمەندیی فۆنەتیک و گۆکردنی کوریدا کە ئەمیان ڕێسای سنورداری تایبەتی خۆی هەیە و بە هەڕەمەکی و گۆترەکاری وشە ساز نادرێت. زانکۆ و پەرلەمان و مێدیای هەرێم لێوانلێون لە پاساوی نادروست. ئەمانیش دو جۆرن
یەکەم: خوێندەوارێکی ئەکادێمی کە لە خۆرهەڵاتدا فێری زمانیکی ئەوروپی بوە، بەبێ ئەوەی لە وڵاتێکی ئەوروپیدا ژیابێت کە زمانەکەی بۆ وەرگێڕانی چەمک هێشتا ماویەتی
وەک نمونەی: هەڵەی فلیم کە |فیلم| دروستە. هەڵەی ویدیۆ کە |ڤیدیۆ| دروستە. هەڵەی وەرگێڕانی حەرفی: کێڵگەی نەوت،.. تاد
دوهەم: خوێندەوارێکی ئەکادێمی کە لە خۆرئاوادا خوێندویەتی و فێری زمانێکی ئەوروپی بوە، بەڵام هێشتا دەرەقەتی وەرگێڕانی چەمک نایەت، تەنانەت بەپێی رێزمانیش وشەکەی نادروست وەرگرتوە
وەک نمونەی: هەڵەی کاندید کە |کاندیدات| دروستە. هەڵەی: ڕیفراندۆم، کەمپین، پڕاکتیزەکردن و پڕاکیتزەبوون، پڕاکتیزەبوو، پراکتیزە کردبوو، ڕیالیزە دەکرێن، دیمۆکراتیزەکردن و دیمۆکراتیزەبوون، تیۆریزەکردن و تیۆریزەبوون، تیۆریزە دەکات و تیۆریزە بوو،.. تاد
چەمکی |بە تیۆریکردن|، نەک |تیۆریزەکردن| ئەمیان واتا تیۆریکردکردن، چونکی پاشگری |یزە/یسە| تایبەتە بە زمان و ڕێزمانی ئەوروپی بە واتای |کردن یان بون|ی کوردی دێت، ڕێزمان ڕێ بەوە نادات و ناکرێ وشەی |کردن| دوجار بە دوای یەکتردا بنوسرێنەوە. لەبەر ئەوە سەرجەم چەمکە لاتینی و یۆنانیەکان کە بە پاشگری |یزە| هاتونەتە نێو زمانی کوردیەوە، جگە لە هەڵەیەکی ڕێزمانی هیچ شتێکی دی نین
ئەڵبەتە زۆربەی هەرە زۆری وەرگێڕانەکان بریتین لە چیرۆک، شیعر، ڕۆمان، ئارشیڤی کەسایەتیەکان، یادەوەریی فڵانە نوسەر و بیرەوەریی فیسار سیاسەتمەدار، کە بە فەرامۆشکردنی دەقە فیکری و فەلسەفی و زانستیەکان شکاونەتەوە. وەرگێڕەکان یا ئەوەتا لە فیکر و تیۆری و مێتۆدی دەقە ئەسڵیەکان نەگەیشتون، یان وەرگێڕانەکان هێندە بە زمانێکی پەرپوت داڕێژراون، مەگەر هەر خۆیان لەو جۆرە زمانە بگەن، یان وەرگێڕانێکی سەقەتی دەستی دو و سێن واتە دەستاودەستکردنی وەرگێڕان
شتێک نیە بە ناوی سێهەم جۆری وەڕگێڕانەوە، واتە لە زمانی دوهەم و سێهەمەوە، ئەم کێشە گەورەیە لە نێو زمانە سەرەکیەکانی ئەوروپادا نەماوە، واتە هەڵەی زەق و خەوشداری وەرگێڕان لە نێو زمانە ئەوروپیەکاندا نەماون یان زۆر دەگمەنن، لێرەوە ئاساییە کە لە سەربەرگی کتێبی وەرگێڕاوی ئەوروپیدا زمانە ئەسڵیەکە نەنوسراوە، بەڵکو لە نێوبەرگی کتێبەکەدا نوسراوە کە لە چ زمانێکەوە وەرگێڕدراوە، بەڵام ئەم پاساوە بۆ زمانی خۆڕهەڵاتی و فارسی و عەرەبی و تورکی و کوردی دەست نادات و پێویستە لە سەربەرگی کتێبێەکەدا بنوسرێت کە لە کام زمانی خۆڕهەڵاتیەوە وەرگێڕدراوە، چونکی کۆنتڕۆل و چاودێریی ڕژێم و هەڵەی قەبە و زل لە نێوان زمانە شەرقیەکاندا بێشومارن. بیریشمان نەچێت، وەرگێڕان لە زمانی یەکەمەوە خۆبەخۆ مانای ئەوە نیە کە بەبێ خەوش و هەڵەیە، بەڵکو ئەمیشیان خاوەن گرفت و کێشەی خۆیەتی. لێرەوە هەندێ وەرگێڕ هێشتا باش فێری زمانێکی ئەوروپی نەبونە، دەقیان لە فارسی، عەرەبی یان تورکیەوە وەرگێڕاوە، کەچی مۆری زمانێکی ئەوروپی بە ناوچەوانی کتێبەکەوە نراوە، یان دەساودەست-وەرگێڕان بە ژێرنوسی پێداچونەوەی دەق بە زمانێکی ئەوروپی پینەوپەڕۆیان کردوە، لە کاتێکدا زمانی پێداچونەوەی دەق لەو ئاستەی زماندا نیە و دەرەقەتی وەرگێڕان نایەت و هێشتا لە فیکر و تیۆری و مێتۆدی دەقە ئەدەبی و فیکری و فەلسەفیەکە نەگەیشتوە. ئەڵبەتە وەرگێڕانی دەقی کوردی بۆ زمانێکی ئەوروپی کارەساتترە، بۆ نمونە: کوردێک دەقێکی کوردی وەردەگێڕێتە ئەڵمانی، ئەمجا کەسێکی ئەڵمانی دەقە وەرگێڕاوە ئەڵمانیەکە جارێکی دی دەکاتەوە ئەڵمانی کە ئەوەش دەبێتە چێشتی مجێور و دەساودەس-وەرگێڕان! دەسگێڕان و وەرگێڕان تێکەڵ و پێکەڵ دەبن
دەق هەیە کە هێندەی قەوارەی پاکەتە جگەرەیەک بچوکە، کەچی بە قودرەتی پارەی ژمارەی لاپەڕەکان ئەم دەقە بچوکە بوەتە دیوانێکی بەرگ-ئەستوری نێو ڕەفەی کتێبخانەی کوردی. ئەمە بێجگە لە گرێبەستی حزبایەتی و خزمایەتی و گروپی سێبەر و پڕۆژەی پارە و پول کە سەر و کلکی یەکترن، گەواهیی ئەرزە و فرەموچە و پڕۆژەی بندیواران مەلەفەکانیانە، ئێستاش هەر وایە بە ناوی پڕۆژەی ڕۆشنبیری و کولتوریەوە نوخبەی سەروکلک بۆ خۆیان و لە نێوان خۆیاندا خێرا بودجەکە حەپەلوش دەکەن تا کەس پێی نەزانیوە، گرنگ ئەوەیە بە پارەی خەڵک خێرا خۆیان بکەنە ڕەقەم، دەرئەنجام ئەوەتا پاشماوەی وەرگێڕانەکان و کتێبە وێرانەکانی نێو کتێبخانەی کوردی ماونەتەوە. خەسڵەتی ئاشکرای ئەم دەستەیە ئەوەیە کە هێزی بۆنکردنیان بەهێزە، کەری کێ تۆپی خێرا زومرە لە سەر خوان کۆبونەتەوە! جەنابی ئەدیب و نوسەر و وەرگێڕ موچەی مانگانە و بودجەی ساڵانەی دەزگەی ناوەندێکیان بۆ خۆیان قۆرخ کردوە، وەک بڵێی موڵکی باوکیان بێت و بە میرات بۆیان مابێتەوە، وەک ئەوەی بودجەی گشتی و پارەی خەڵک نەبن، ئەمجا دوای ساڵانێک دەیکەنە منەت بە سەر خەڵکەوە، گوایە خاوەن بارە کتێب و ڕەقەم و ناوی زلن و دێی وێران، گوایە غەدریان لێ کراوە و مافی خۆیان پێ نەدراوە وەک پێویست ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و بەسەر نەکراونەتەوە، وەک بڵێی لە برسانە مردون و مایەی بەزیی و سەدەقەن و خێریان پێ ڕەوایە
چاپی بیستەهەمین لە دە ساڵێکدا بۆ کتێب واتا هەر شەش مانگ جارێک کتێبەکە چاپ کراوەتەوە، واتە بوەتە خەڕەک و مەتەڵە سواوەکەی بەرئاگردان! ناوەند و کتێبخانە هەن کە لاف و گزافی مەعریفە و شاکاری ئەدەبی لێ دەدەن، بە تایبەتی بەو مەرجەی خۆیان کە دەڵێن: دەبێ دەقەکە پێشتر لە هیچ شوێنێکدا چاپ نەکرابێت، کەچی لە نێو ڕەفەی کتێبخانەیانەوە خاوەن چاپە بیستەهەمینەکان جمەیان دێت و بێتامیش لە هەمو شوێنێکدا بڵاو کراونەتەوە!! ئەمە بێجگە لەوەی کە دەقێکی قوڵ و قولەی ئەدەبی و فیکری و فەلسەفی نین، واتە دەقەکان شاکار نین و ئێجگار ساکارن
فێربونی زمانێک بە شێوەیەکی ڕاست و دروست پێوستی بە پانزدە تا بیست ساڵێک هەیە کە لە نێو ئەو کۆمەڵگە و کولتورەدا ژیابیت و دەشبێ بەردەوام سەروکارت لەگەڵ خوێندنەوەی کتێب و خوێندنی فیکردا بێت. هەر لێرەشەوە باشتر وایە دەقێک بکرێتە کوردی کە هێشتا بە زمانی فارسی و عەرەبی و تورکی نیە! کە ڕۆمانێک کراوەتە فیلمی سینەمایی، ئیدی ئەستەمە بینەری سینەما ببێتەوە بە خوێنەری ئەدەبیاتە بەرگ-ئەستورەکان، مەگەر ئەم بینەری سینەمایە هەر خۆی ڕەخنەگر و توێژەر و لێکۆڵەر بێت
دور و نزیک ئەم قسەیە پەیوەندیی بە وەرگێڕی وتراو و نوسراوی فەرمیەوە نیە کە سەروکاری وەرگێڕانی بەڵگەنامە و ناسنامە و ىڕوانامە و ئەو جۆرە شتانەیە
ئەوەی وترا نەک هەر بۆ وەرگێڕ، بەڵکو بۆ نوسەری کوردیش ڕاستە، واتە ئەمانیش دو جۆرن، جۆری یەکەمیان تێنەگەیشتنە لە فیکر و تیۆری و مێتۆد و چەمکەکان. دوهەمیشیان سەقەتی زمانی داڕشتن کە هیچ پەیوەندیەک لە نێو بابەت و وتاری دەقەکەدا نیە، تەنانەت نوسەرەکە خۆیشی سەر لە بابەتەکەی خۆی دەرناکات، نوسەرەکە خۆی نازانێت کە دەیەوێت چی بێژێت و چیمان پێ بڵێت! نوسەری وا هەیە کە بە لێشاو دەکەوێتە ڕیزکردنی ناوی فەیلەسوفەکان و بیرمەندەکان بەبێ لێکدانەوەی چەمک و فیکر و تیۆریەکانیان، لەجیاتیی ئەوە کەوتۆتە گێڕانەوەی سەرگوزشتەی ژیانیان، وەک بڵێی جەنابی نوسەر کارمەندێکی فەرمانگەی کاروباری بازاڕ بێت، وەک ئەوەی کاکی نوسەر فەرمانبەری باری کەسێتی و پۆستەچیی ژیننامە و سەرژمێری دانیشتوان و تاپۆنوسی کوچە و کۆڵان و عەرزوحاڵنوسی یاداشتەکان بێت! جاروباریش ساویلکانە ناوی ئەدیب و نوسەرێکی کورد لەتەک گەورە ئەدیبان و بیرمەدانی جیهاندا ڕیز دەکات
کورتە و پوختەی دەقە وێرانەکان بریتین لە پڕۆپاگەندەی پفدراوی بندێڕی منەکان و ڕێکلامەی وێنەی منەکان، هەروەکو: وێنەی من و کەسایەتیەکان، من و وێنەی کۆبونەوەکان، وێنەی من و دیدارەکان، من و وێنەی سەفەرەکان، پەیکەری من و دەمامکی منەکان، وێنەی من و چەمەلخی خۆهەڵواسین،.. تاد. لەوە سەیرتر ئەوەیە، کە دیاردەی وا پوچ بە ئیرەیی و حەسودی لێک بدرێتەوە! ئاخر دیاردەیەک هێندە کاڵ و کرچ و بێتام بێت کە جێی بەزەیی پێهاتنەوە بێت، ناکرێ جێی ئیرەیی پێبردن بێت. کەسانێک هێشتا نازانن کە ئیرەیی و بەزەیی دو شتی جودان، شتێک مایەی بەزەیی بوو، ناکرێ مایەی ئیرەیی بێت
هەر نوسەرێک، هەر وتارنوسێک ئەگەر کورت و پوخت دەسەڵاتی لێکدانەوەی قوڵ و قولەی بۆ تێما و تیۆری و مێتۆدی گەورە بیرمەندێک، فەیلەسوفێک، ئەدیبێک یان هونەرمەندێک نەبوو، باشتر وایە کە ساڵانێکی زۆر یەک حەرف نەنوسێت و تەنیا هەر بخوێنێتەوە، چونکی ئەوە دەردە-نیشانەی خوێنەرێکی ناخوێنەرە! یان هەر ڕۆشنبیرێک ئەگەر نەیتوانی بە سێ وتاری پوخت و قوڵ هەقی چەمکێک یان بابەتێک بدات، چاکتر وایە کە ساڵانێک خۆی تەنیا هەر بۆ خوێندنەوە و خۆهۆشیارکردنەوە تەرخان بکات، چونکی ئەوە دەردەنیشانەی نوسەرێکی ناخوێنەرە! ئێ خۆ ناکرێ لە مێدیای نوسراو و بینراو و وتراوەوە بە گرێبەستی حیزبایەتی و خزمایەتی لە سەر حیسابی پارەی خەڵک و بودجەی گشتی پەڕە پەڕەی کتێبێکی داغان لە قسەی سادە و سواوی نێو ڕۆژنامە و بەرنامەکان بە ناوی مەعریفە و ئەدەبیاتەوە دەرخواردی خەڵکی بدرێن
نوسەری وا هەیە کە بێشەیەک چەمک ڕیز دەکات، بەبێ ئەوەی هەڵوەستە و ڕاڤەی چەمکێک بکات، کەچی دەشڵێت ئەم چەمکە بە مانا ئەفڵاتونەکەی، لاکانیەکەی یان فوکۆیەکەی، وەک بڵێی کاکی نوسەر سەری لە ئەفڵاتون و لاکان و فوکۆدا سپی کردبێت! لەوە سەیرتر ئەوەیە کە دەقی بیرمەندێک یان فەیلەسوفێک بە زمانێکی ئەوروپی بۆ تێگەیشتن هێندە سەخت نیە، کەچی ئەم دەقە بە زمانی کوردی بوەتە ئەو مەتەڵەی: خۆت هەڵیبێنە! بێگومان بەزۆر وشەی کوردێنراوی پەتی و پەتیگەری لەبریی چەمکە باوە جیهانیەکان بە کەڵکی زمانی زانست و فەلسەفە نایەن، بەڵام زیاد لە پێویستیش ڕیزکردنی چەمکی لاتینی کارەساتە، ئەمیان کاتێک بەڕاست دەگەڕێت، ئەگەر بەپێی لۆژیکی زمان و ئێتیمۆلۆژی (ڕیشەناسیی وشە) مانای پڕاوپڕی وشەکەمان بە زمانی کوردی نەبوو، نەک بەپێی بیروڕای گیرفانی خۆت بێژیت کە فڵانە وشەی کوردی مانای تەواوی وشە لاتینیەکە ناپێکێ، واتە بەبێ ئەوەی یەک لێکدانەوەی لۆژیکی و زمانەوانیت بۆ وشەکە کردبێت، یەکسەر حوکمێکی پێشوەختەت بە سەر وشەکەدا سەپاندوە
بەزمی لێژنەی پسپۆڕان و خەبیرانی بێفکر لە هەمویان بێفەڕتر، لەوە سەختتر نیە کە دەقێکی فیکری و فەلسەفی بخرێتە بەردەست ئەم جۆرە خەبیرانەوە، یان چاوەڕوانی ئەمانە بکرێت لە هەڵسەنگاندن و بڕیاردانی دەقێک بۆ چاپکردن، ئەمە بێجگە لەوەی وەکو فیکر تەقەی سەریان دێت و بە خەیاڵی عەقڵی خۆیان بڕوانامەی ئەکادێمی مەرجە بۆ مەعریفە و توێژینەوە و ڵێکۆڵینەوەی زانستی. لەوەش سەمەرەتر وەرگرتنی دەقەکانە لە ئینتەرنێت و گۆگلە کە ناوی سەرچاوە و ژمارەی لاپەڕەی دەق و بڕگە وەرگیراوەکانیش نوسراون، کەچی نوسەری کورد هەمان ژمارەی لاپەڕەکە دەنوسێتەوە، وەک بڵێی کە خۆی کتێبەکەی خوێندبێتەوە. هەر لێرەشەوە ئەوە خوێنەر نیە کە ناخوێنێتەوە، بەڵکو ئەوە نوسەری کورد خۆیەتی کە ناخوێنێتەوە و دێڕە وەرگیراوەکانی بە لنگەوقوچی وەرگرتوە. ئەو هەمو شین و زارەی لە لایەن نوخبەی نوسەران و ڕۆشنبیرانەوە بۆ کتێب دەگێڕدران، هەروەک گشت کێشەکانی دی نوزانەوە و کروزانەوەی درۆ دەرچون، لە بنەڕەتەوە ئەسڵەن هەر خۆیان خوێنەر و ئەهلی کتێب نین
جگە لە وێرانەی وەرگێڕانی دەساودەستکردن و دەستی دوهەم و سێهەم لە زمانی فارسی و عەرەبی و تورکیەوە، بە شێوەیەکی گشتی وەرگێڕ و نوسەری کورد یا ئەوەتا لە چەمک و تیۆری و مێتۆدی دەق نەگەیشتون، یان هێشتا فێری شێوازی گوزارشت و داڕشتەی زمان نەبونە
وتار و ڕەفتار دو ڕوی هەمان شتن! کە وتار ئاوێنەی ڕەفتارت نەبوو، کە ڕەفتار ڕەنگدانەوەی وتارت نەبوو، ئیدی فیکر و کردار دەبنە بازرگانێکی گەورەی درۆ بۆ خۆخەڵەتاندن و ئەویتر-گەمژاندن یان ئەویدی-گەوجاندن، ئیدی وتار و ڕەفتار دەبنە چەند دوکاندارێکی ڕۆشنبیری و هەندێ دەڕابەی قۆڵبڕی کولتوری بۆ گیرفان پڕکردن
خەڵات و نەفرەت دو دیوی هەمان شتن! پیاهەڵدان و جنێودان دو ڕوی هەمان شتن، فەریکە ڕۆشنبیر لەبەر کەموکوڕیی مەعریفەی تیۆریی خۆی ناتوانێ خوێندنەوەی ڕەخنەیی قوڵ بۆ دەقێکی فیکری و ئەدەبی بکات، ئیدی بۆ داپۆشین و شاردنەوەی عەیب و عاری فیکری خۆی دەکەوێتە پیاهەڵدان یان نەفرەتدان، هەردوکیان پیشەی فوپیاکردن و پیشەی فوهەڵمژین دو دیوی یەک فون، هونەری بە فسفسکردن و هونەری فسکردنەوە دو دیوی یەک فسن، فسفس-پاڵەوان و فشکردنەوە دو دیوی یەک پەمپدارن، پفدان و نەفرەتدان دو ڕوی یەک دراون، هەردوکیان دەردە-نیشانەی بێدەسەڵاتیی زمانی نوسین و فیکرن
نوسین یان سوین! وەرگێڕان یان وەرگەڕان