ق q

21.01.2013 10:09

ق q

  • Kaput, caputium, cappa, capuccino, Kapuziner, Kapuze
  • قاپوت، کاپوت، کەپوت
وشەی ئیتاڵی |کەپوچینۆ| واتا (قاپوت)ی کڵاودار، کە بە کاتۆلیکە ڕێفۆڕمخوازەکان دەوتران، چونکی ئەم باڵاپۆشە قاوەییە بێقۆڵەیان دەپۆشی
کە دەچێتەوە سەر بنەڕەتی وشەی لاتینی |کەپوتیوم| واتا کڵاو
لێرەوە بە ئەڵمانی |کەپوت|. بە عەرەبی کەبوت |کبوت|. بە فارسی |کاپوت|. بە کوردی |قاپوت|. هەر هەمویان واتا پاڵتۆی بێقۆڵی کڵاودار
 
سەدەی حەڤدە لە شاری ڤێنادا یەکێک لەم کاتۆلیکە باڵاپۆشە کڵاودارانە قاوەیەکی ڕەش و تآڵی بۆ دێنن، ئەویش قاوەکە بە هەنگوین شیرین دەکات و بە سەرکەفی شیری کوڵاویش ڕەنگی قاوەیی دەگۆڕێت. ئیدی لەو ڕۆژەوە لە سەرانسەری جیهاندا ئەم جۆرە قاوەیە هەر بەو قاپوتە کڵاودارە قاوەییەوە ناودەنێن: کەپوچینۆ
******

قەرەوڵ
karakol, kara göl, kara gjull, kara gül, kara köl, karakul

  •  لە بنەڕەتدا |قەرەقۆل/قەرەغۆل/قەرەهۆل| بە قوتدانی پیتی |هێ| بوەتە |قەرەوڵ| واتا ئێشکگر، دیدەوان، پاسەوان، پاسدار
  • قەرەوڵخانە واتا بنکەی پاسداری، پاسگە/مەخفەر
  •  
  • ئەڵبەتە |قەرەغۆل| خێڵێکی تورکە سەر بە شاری |کەرەکۆل| لە کیرگیستان/قرغیزستان، بە زۆر ناوچەی وڵاتانی خۆڕهەڵاتی ناڤیندا بڵاو بونەتەوە. سەدەی سیازدە کە مەغۆل شاری بەغدای داگیر کرد، بە یاساوڵی ڕێوبان و پاسەوانی شەوانە دەوتران |قەرەغۆل/قەرەقۆڵ|، کە لە دو وشە پێک هاتوە
  • یەکەمیان: |قەرە| واتا کەوی، ڕام، ئاسایش و پاراستن
  • دوهەمیان: |قۆل| واتا ئێشک، یاساوڵ
  • کەواتە |قەرەقۆل| واتا پاسەوانی ئاسایش
  •  
  • ئەڵبەتە بە مەڕی ڕەشە کوڵکن و تیسکن دەوترێت |کەرەکول|، بە ڕوبار و شارەکەش دەوترێن |کەرەکۆل|، گوایە کەوڵی ئەم بەڕینگاڵە لە وێنەی شەپۆلی دەریاچە دەچێت
  • گوایە وشەکە |کەرە گوێل| بوە. |کەرە/قەرە| واتا ڕەش. |گوێل| واتا گۆل و گۆم. کەواتە هەردو وشەکە پێکەوە دەبنە گۆلی ڕەش
  • بۆچونێکی دی دەڵێت کە ئەم وشە تورکیە بوە: |کەرە گویل| واتا گوڵی ڕەش
  • بۆچونێکی دی دەڵێت کە لەم وشە تورکیەوە هاتوە: |کەرە کوێل| واتا کوێلەی قەرەقول
  •  
  • مایەی ڕامانە کە لە چەند شوێنێکی ئینتەرنێت و لە فەرهەنگی ڕامانیشدا نوسراون: |قەرەقۆل| واتا قۆڵڕەش، گوایە قۆڵی خۆیان بە پەڕۆی ڕەش بەستوە! بەڵام قۆڵڕەش هیچ مانایەکی لۆژیکی و مەجازی و سیمبۆلیی نیە، هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراویشیان نەخستۆتە ڕو، هیچ بەڵگەیەکی مێژوییش دەربارەی ئەم مانایە لە بەردەستدا نیە، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی چەرخی کۆن جەنگاوەران و سەربازان بە قایش و قروشی بەرگیانەوە سەراپا ڕەشپۆش بون، ئیدی نازانم هێمای قۆڵڕەش چۆن دەردەکەوێت، پێم وانیە، دەرنەکەوتنی سیمبۆل و نیشانەی پەڕۆی ڕەش بەسەر بەرگی ڕەشەوە هیچ مانایەک ببەخشن
******
Qalandar, Derwish
قەلەندەر و قەلەندار و دەروێش
 

پاشگری |دار| واتان خاوەن

وشەی |دەر| مەجازە بۆ دەرگەی ماڵ و خانە

وشەی |قەلان| واتا کۆڵ و نێوان هەردو شان و دوش

وشەی داڕێژراو |کەلەندار| و قەلەندار واتا بەشان و شەوکەت، خاوەن کۆڵوبار

کەواتە هەردو وشە لێکدراوەکە پێکەوە |کەلەندەر| و قەلەندەر واتا ماڵبەکۆڵ، دەروێش، گەریدە و گەڕۆک

 وشەی لێکدراو |دەروێش| بەم شێوە هەبوە |دەریوز| واتا خانەبەدوش

وشەی |دەر| واتا دەرگەی ماڵ، خانە

وشەی |وێز| یان وێش دەچێتەوە سەر بنەڕەتی |ئاوێز| واتا هەڵواسراو

کەواتە هەردو وشە لێکدراوەکە پێکەوە |دەروێش| واتا خانەی هەڵواسراو بەسەر شانەوە، ماڵبەکۆڵ، گەریدە

******

قەیرە: قەدرەکچ و قەدرەکوڕ

قەیرە لە تە|قدیر|ەوە هاتوە بە واتای ڕێزلێنان

کە دەچێتەوە سەر |قەدر| واتا بەها و قیمەت

لە بنەڕەتەوە بۆ ڕێزلێنان قەدرەکچ و قەدرەکوڕ بۆ هەردو ڕەگەزی مرۆڤی بەتەمەن بەکار هاتون کە تەمەنی شوکردن یان ژنهێنانی ئاساییان تێپەڕاندوە. هەروەکو چۆن بۆ ڕێزلێنان بە خوشکی گەورەی تەمەندار دەوترێت دادە. ئەمجا تەنیا هەر وشەی قەدرە ماوەتەوە و وشەی کچ و کوڕ لابراون، بۆیە |ە| ناوبەندی ناوە، نەک پاشگری لکاو بە ناوەوە

دواجاریش لە شێوەزارەوە قەدرە بوەتە |قەیرە| واتا بەقەدر و بەقیمەت و بەڕێز

بێگومان وشەی |قەدر| فرەمانایە وەک بڕ و ئەندازە،.. تاد کە پەیوەندیی بەم بابەتەی ئێرەوە نیە

******